بزانە مامۆستاى چوار قوتابخانە چییان کردووە؟
پەروەردەى چەمچەماڵ سزادانى بەکۆمەڵى راگەیاند
964+
وریا فەتاح
چوار قوتابخانەى چەمچەماڵ لە ئێستاوە کردوویانە بە جەژن و دەرگاى قوتابخانەکانیان داخستووە، بەڕێوەبەرى پەروەردەى قەزاکەش چووەتە سەر قوتابخانەکان و کە بینیویەتى دەرگاکانیان قوفڵدراون، بڕیاریداوە سەرجەم مامۆستایان و دەستەى کارگێڕى قوتابخانەکە بۆ ئەمڕۆ بە نەهاتوو هەژمار بکات.
چیرۆکەکە بەم شێوەیە بووە، کەسوکارى قوتابیان تەلەفونیان بۆ پەروەردەى چەمچەماڵ کردووە، وتویانە ئەمڕۆ لە پشوودان، پەروەردەش وتوویەتى پشوو نییە و دەوام ئاساییە، کەسوکارى قوتابییەکانیش وتویانە وەڵا بە قوتابییەکانی ئێمەیان وتووە بڕۆنەوە و پشوى جەژنە.
دواى پەیوەندییەکە، مامۆستا عەبدوڵا حەمە کاکەرەش، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ بەهاوەڵی بەشی خۆیەتی و یاسا سەردانی ناوەندەکانى خوێندنى کردووە و بینیویەتى هەریەک لە قوتابخانەکانى (خاکی بنەڕەتی لەقەزای چەمچەماڵ، هەژانی بنەڕەتی لەناحیەی شۆڕش، دەرەواری بنەڕەتی لەسنووری ناحیەی سەنگاو، قرخی بنەڕەتی لەسنووری ناحیەی سەنگاو)، دەرگاى قوتابخانەکانیان قوفڵداوە و دەوام راگیراوە.
بە وتەى مامۆستا عەبدوڵا حەمە کاکەڕەش، کە بۆ 964 قسەى کردووە،”مامۆستایانى ئەو قوتابخانەیە بەبێ هۆ دەوامیان راگرتووە، وەک چۆن هەندێ خەڵک فێر بووە پێش جەژن دەڕۆنەوە و دەوام ناکەن، ئیتر ئەوانیش بە قوتابییەکانیان وتووە مەیەنەوە و لەخۆیانەوە کردویانە بە پشوو، لەبەر ئەوە بڕیاردرا دەستەی کارگێڕی و سەرجەم مامۆستایان بە نەهاتن هەژماربکرێ بۆ ئەو رۆژانەی دەوامیان ڕاگرتووە”.
وەک روونى دەکاتەوە، ئەگەر بەیانى دەوام بکەن هەر ئەمڕۆیان بە نەهاتوو بۆ هەژمار دەکرێت، بەڵام ئەگەر بەیانیش نەیەنەوە جەژنیشیان بە نەهاتوو بۆ هەژمار دەکرێت.
جەختیش دەکاتەوە، ئەم بڕیارە پەیوەندى بە بایکۆتەوە نییە، بەڵکو ئەمانە لە کاتى ئاسایى دەوامیان راگرتووە و سەربەخۆ بۆخۆیانیان کردووە بە پشوو.
لە سنوورى پەروەردەى چەمچەماڵ 203 قوتابخانە بوونى هەیە و ئەمڕۆ تەنیا 4 قوتابخانە کردویانە بە پشوو.