گیا بەهارییەکان بناسە
لە کوێ دەڕوێن و بۆچى بەسودن؟
+964
محەمەد عەلى- قەڵادزێ
گیا بەهارییەکان ژمارەیان زۆرە و سودى جیاواز جیاوازیان هەیە، فرۆشیارێکى گیا بەهارییەکان لە قەڵادزێ کە ساڵانێکە ئەوە پیشە و ئیشییەتى، جۆر و سودى هەر یەکێکیان روون دەکاتەوە.
گیا بەهارییەکان ئەمانەن (هەندرێشە، دۆرێ، باڕێزە، کاردوو، کەنگر، ترشۆکە، ئەسترێلک، لوشە)، ساڵح محەمەد، فرۆشیارى گیا بەهارییەکان بەم شێوەیە سودى هەریەکێکیا بۆ 964 روون دەکاتەوە:
هەندرێشە، لە شوێنە بەرزەکان دەڕوێت، بە ئاوى بەفراو سەر دەردێنێ و گەورە دەبێت، لە ناو کوردەواریدا پێى دەڵێن خوێن پاککەرەوە، چونکە بۆ خوێن سودى زۆرە.
دۆرێ، لە ناوچە کوێستانییەکان دەڕوێت، بەڵام لێنانرێت و هاوشێوەى رێواس سپى دەکرێت و دەخورێت، تامەکەى ترشە و بۆ پاککردنەوەى ریخۆڵە سودى هەیە.
باڕێزە، ئەمەیان لە شوێنە هەرە سەخت و خلیسەکاکان دەڕوێت، زۆر کەس لەسەرى هەڵدێراون و گیانیان کەوتووەتە مەترسییەوە، وەک سەوزە دەخورێت و بۆ گورچیلە بەسودە.
کاردوو، یەکێکە لە گیا بەهارییە بەربڵاو و بەتامەکان، لە شاخ و گرد و پێدەشتەکان دەڕوێت، سێ جۆرى سەرەکى هەیە (ریشە، کڵۆیە، گوێ بەرخە)، جۆرێکى ترى هەیە پێى دەوترێت کاردووە قوڕە، ئەمەیان کەمتر دەخورێت و خەڵک توشى سک ئیشە دەکات.
کەنگر، لە چیاو پێدەشت و دۆڵەکان و گردەکان دەڕوێت، پێویستە بە پیشک لە ژێر خاک دەریبهێنیت و بەچەند شێوەیەک دەخورێت و خەڵکى زیاتر وەک کەنگر کەباب یان کەنگر ماسى دەیخۆن.
ترشۆکە، وەک سەوزە دەخورێت و تامەکەى ترش و مزرە.
ئەسترێلک، لەناو دۆکوڵیودا دەخورێت یان سور دەکرێتەوە، لە ناوچە سەختەکان و کوێستانییەکان دەڕوێت.
لوشە، نیشتمانى ئەم گیا بەهارییە شوێنە سەخت و حاسێ و پەڕگیرەکانە، دەکرێت بە دۆکوڵیو یان لەگەڵ دۆڵمە و پاپراغ دەخورێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح