یەکێک لە بریندارانی چەکی کیمیایی کە ئامێری هەناسەدانی بۆ دابینکراوە. فۆتۆ: تەندروستیی هەڵەبجە
250 بۆ 400 هەزار دینار
ناوی هەزار بەرکەوتووی چەکی کیمیاوی نێردراوە تا حکومەت موچەیان پێبدات
964+
ژووری هەواڵ
تەندروستیی هەڵەبجە ناوی یەک هەزار بەرکەوتووی چەکی کیمیاوی ناردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و داوا دەکات ناسنامەیان بۆ دروستبکرێت و موچەی مانگانەیان بۆ ببڕێتەوە.
د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، نزیکەی یەک هەزار بەرکەوتووی چەکی کیمیاوی بەهۆی ئەوەی ناسنامەیان نییە، موچەی مانگانەشیان پێنادرێت، ناوەکانیان نێردراوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و دەیانەوێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.
بەرکەوتووی چەکی کیمیاوی، کە رێژەی بەرکەوتەکەی لە 40٪ تا 60٪ بێت، موچە یاخود مینحەیەکی مانگانەی بە بڕی 250 هەزار دینار بۆ دیاری دەکرێت.
بەرکەوتووی چەکی کیمیاوی، کە رێژەی بەرکەوتەکەی لە 60٪ زیاتر بێت، موچە یاخود مینحەیەکی مانگانەی بەبڕی 400 هەزار دینار بۆ دیاری دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی خزمەت-ی حکومەتی هەرێمی کوردستان، “ئەو بەرکەوتووانەی پشتڕاست دەکرێنەوە لە لایەن وەزارەتی تەندروستی، دەفتەرێکی چارەسەریان بۆ دروست دەکرێت، بە مەبەستی چارەسەرکردنیان لە نەخۆشخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان”.
مینحەی بەرکەوتووی چەکی کیمیاوی بەو بەرکەوتووانە دەدرێت کە هیچ موچە و مینحەیەکی تریان نییە، جگە لە ئیمتازە داراییەکانی میراتگرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، زیندانی و گیراوی سیاسی و سوودمەندان، بەپێی ڕێنمایی ژمارەسێی ساڵی 2021 تایبەت بە دیاریکردنی مافی بەرکەوتووی چەکی کیمیاوی.