ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبوڵ
وەزعی توركیا پەشۆكاوە
ئیمامئۆغڵو: بە شكۆمەندییەوە رادەوەستم و خۆ ناچەمێنم
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبوڵ رایگەیاند خۆی بەدەستەوە نادات، دوای ئەوەی دادگا بڕیاری دا بە راگرتنی تا دادگاییکردن لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی گەندەڵی.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، پێکەوە رووبەڕووی ئەم لێدان و ئەم پەڵە رەشە دەبینەوە لەسەر دیموکراسیمان، من بە شكۆمەندییەوە بەرز وەستاوم و چۆك دانانەدەم.
سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبۆڵ، كە دیارترین نەیار و ركابەری رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیایە، داوای لە لایەنگرانی کرد “هیوا لەدەست نەدەن” و بێ هیوا نەبن”.
وتیشی “دەستلەدەست، ئەم پەڵە رەشە لە دیموکراسییەکەمان دەسڕیینەوە”، دەشڵێت “من تەسلیم نابم و شتەکان باش دەبن”.
لای خۆشیانەوە پارێزەرانی ئیمامئۆغڵو رایانگەیاندووە، تانە لە بڕیاری زیندانیکردنی ئیمامئۆغڵو دەدەن، ئەمەش بە گوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس.
ئیمامئۆغڵو، گەورەترین رکابەری رەجەب تەیب ئەردۆغانی، سەرۆک کۆماری تورکیایە، بە تایبەتی لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆكایەتی توركیا، بەڵام ئێستا تۆمەتبار كراوە بە “تیرۆر”، ئێوارەی دوێنێ شەممەش لەگەڵ 90 تۆمەتبار لە بەردەم دادگای چاغلایان لە ئیستەنبوڵ ئامادەبوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممەش، داواکاری گشتیی تورکیا داوای دەستگیرکردنی فەرمیی سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبوڵی كرد.
دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو لەم هەفتەیەدا گرژییە سیاسییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو لە توركیا بەرزکردەوە و بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی بەرفراوان لە سەرانسەری تورکیا، خۆپیشاندەران لە چەند شارێکدا کۆبوونەوە بۆ دەربڕینی دژایەتی خۆیان.
زۆر کەس پێیان وایە دەستگیرکردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو هەوڵێکی سیاسییە بۆ ئەوەی لە کێبڕکێی داهاتووی سەرۆکایەتیی تورکیا دووربخرێتەوە، کە بڕیارە ساڵی 2028 بەڕێوەبچێت، حکومەت ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و پشتڕاستی دەکاتەوە کە دادگاکانی تورکیا سەربەخۆن.