"تاوانبار شکۆمەند کراوە"

گرافیکە هەواڵ و زمانی گێڕانەوە هاندەرن بۆ زیادبوونی کوشتن

964+
ئەحمەد مستەفا

زیاتر لە “50 لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی” ئەوەیان خستوەتەڕو، هەندێك جۆری تایبەت بە روماڵكردنی میدیا دەتوانێت ئەگەری خۆكوشتن بۆ هەندێك كەس زیاد بكات، ئەوە قسە و ئەزموونی پسپۆڕێکە کە لە مەجالەکەیدا بەدواداچوونی کردووە.

بە دەلیلی ئەوەی لەوانەیە، سەردێڕەكان، زمان، وێنەكان و تەنانەت بڕیاری راپۆرتكردن لەسەر خۆكوشتن یان کوشتن، هاندەربن.

لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا، لە سنووری پارێزگاکانی، هەولێر، سلێمانی و دهۆک بە کەرکوکیشەوە، خەڵک گوێبیست و خوێنەری چەندین رووداوی کوشتن بوون بە قەبارەی گەورە، تەنانەت کوشتنی خانەوادەی کەسی و بنەماڵە لەناو خۆیاندا.

پسپۆڕی میدیا، دکتۆر ئاراز رەمەزان لەبارەی رووماڵی میدیا بۆ رووداوەکانی کوشتن باسی لەوەکردووە، توێژینەوە هەمەلایەنەكان دەریدەخەن كە راپۆرتی دیار و دووبارە لەسەر خۆكوشتن دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی حاڵەتەكانی خۆكوشتن یان کوشتن، ئەوەش بە دەلیلی ئەوەی، راپۆرتەكان سروشتێكی روون وەك وەسفە گرافیكیەكانی شێوازی خۆكوشتن، یان وێنەكانی دیمەنەكە كاریگەری لەسەر ئەو كەسانە دەبێت كە مەترسی خۆكوشتنیان هەیە.

لە بارەی پێچەوانەی رووماڵی کوشتنەکە، پێی وایە، ئەو بابەتانەی هەواڵ كە زانیاری وەک هێڵی یارمەتی و گروپەكانی پاڵپشتی لە هۆشیاری کەیسەکان پێشکەش دەدەن، جگە لە هەواڵی کوشتنەکە، گرنگە راپۆڕت بكرێن، بەهۆکاری ئەوەی یارمەتی كەمكردنەوەی حاڵەتەكانی خۆكوشتن دەدات و لە ئەنجامدا كاریگەری ئەرێنی لێ دروست دەبێت.

لە CHATgptی مان پرسی، دەکرێ میدیا روماڵ بۆ کەیسەکانی کوشتن نەکات؟، وەڵامەکەی ئەو بەم جۆرە بوو، “میدیا ڕۆڵێکی ئاڵۆزی هەیە کاتێک باس لە ڕاپۆرتکردن لەسەر ڕووداوە هەستیارەکانی وەک کوشتن دەکرێت. لە کاتێکدا زۆرێک دەڵێن کە ڕووماڵکردنی ئەم جۆرە ڕووداوانە گرنگە بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک و دڵنیابوون لە شەفافیەت، هەندێکی دیکە پێیان وایە کە سەرنجی بەردەوامی میدیاکان دەتوانێت بەشداربێت لە هەستکردن، زیانگەیاندن بە خێزانی قوربانییەکان، یان تەنانەت شکۆمەندکردنی تاوانباران”.

هەندێک هەن، میدیا شمشێرێكی دوو سەرە وەف دەکەن، كە دەتوانێت هەم پێشیان بگرێ و هەم رێگریان لێ بكات هەمیش دەتوانێت فاكتەرێكی هاندەر بێت بۆ دووبارەكردنەوەی رەفتارەكان، رۆژی 22.3.2025 بۆردی 964 وەک تۆڕێکی میدیایی بڕیاریدا تا هێوردبوونەوەی دۆخەکە، وەک هەڵوەستەیەک لەسەر رووداوەکانی کوشتن، رووماڵی هەواڵەکانی پەیوەست بەو رووداوانە رابگرێ.

لە کاردانەوەی ئەو بڕیارەدا، ژمارەیەک دامەزراوەی میدیایی وەک چاڵنج، بڕیارەکەی تۆڕی 964 یان بینی و بڕیاری راگرینی هەموو جۆرە رووماڵێکی هاوشێوەیان دا، بۆ بڕیارەکەی تۆڕی964، کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانی، کاردانەوەی هەبووە و نوسیوویەتی، ھەنگاوێکە بۆ ئەم قۆناغە باش دەبێت تا بتوانین چارەسەرێکی یەکجاریی بۆ ئەو حاڵەتانە بدۆزینەوە.

رووماڵی هەواڵەکانی کوشتن رادەگرین

رووماڵی هەواڵەکانی کوشتن رادەگرین