فەرمانگەی ئاوی چەمچەماڵ - وێنە:964
10 فەرمانگەی بۆ زیاد دەکرێ
فەرمانگەی ئاوی چەمچەماڵ دەبێ بە بەڕێوەبەرایەتیی
964+
ئەحمەد مستەفا
فەرمانگەی ئاوی چەمچەماڵ، دەکرێت بە بەڕێوەبەرایەتی و 10 فەرمانگەی سنوورەکە کە پەیوەستن بە خزمەتگوزاری دابینکردنی ئاوی ماڵان دەخرێتە سەر ئەو بەڕێوەبەرایەتییە.
چەمچەماڵ قەزایە، وەک هەیکەلی ئیداریی بوونی بە ڕێوەبەرایەتی تەواوکاری مەرجەکانی بوونی بەڕێوەبەرایەتییە لە قەزاکەدا.
قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ ئەمڕۆ پێنجشەممە 20.3.2025، نوسراوی کردن بە بەڕێوەبەرایەتییەکەی لە فەرمانگەوە بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت. دوای هەوڵێکی زۆری ئیدارەی چەمچەماڵ بە فەرمانی وەزارەتی شارەوانی، فەرمانگەی ئاوی چەمچەماڵ کرا بە بەڕێوەبەرایەتی و 10 فەرمانگەی ئاو لە ناوەندی قەزا و ناحیەکانی سنورەکە دەخرێتە سەر ئەم بەڕێوەبەرایەتییە.
بوونی ئەم فەرمانگەیە بە بەڕێوەبەرایەتی، دەبێتە هۆکارێک تا دەستکراوەتر بێت لەرووی دارایی و سووتەمەنی ئامێرەوە بۆ خزمەتکردن و چارەسەرکردنی گرفتەکان ئاو لەسنورەکەدا.
قایمقامیەتی چەمچەماڵ داوا دەکات وەزارەتی شارەوانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان دەست و برد لە رێکارە کارگێڕییەکان بکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا بەڕێوەبەرایەتیەکە بە فەرمی بکرێتەوە.