حاجیان بە دەورى کەعبەدا دەسوڕێنەوە - وێنە: ماڵپەڕى حەج و عومرەى سعودیە
ئەمساڵ هەشت عومرەکار گیانیان لەدەستداوە
سێیەم عومرەکاری کوردستان لە مانگی رەمەزاندا لە مەککە کۆچی دوایی کرد
964+
شۆڕش قادری
سێیەم عومرەکاری کوردستان لە مانگی رەمەزاندا لە مەککە کۆچی دوایی کرد و لەمساڵیشدا هەشت عومرەکار گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 20.3.2025 هاوڵاتییەک بەناوی سەمیر محەمەد دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، کە بە مەبەستی عومرە سەردانی سعودیەی کردبوو، کۆچی دوایی کردووە.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو هاوڵاتییە دوای بەجێگەیاندنی سونەتی عومرە باری تەندروستی تێکچووە و دوای چەند رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، ئەمڕۆ کۆچی دوایی کردووە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەو عومرەکارە تەمەنی 65 ساڵ و پێشتر نەخۆشیی دڵی هەبووە و لە شاری مەککە تووشی جەڵتەی دڵ بووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
هەر دوێنێ چوارشەممە 19.32025 عومرەکارێکی گوندی عیساییە لە قەزای کەلار بەناوی شوان عەلی لە مەککە کۆچی دوایی کرد و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تا ئێستا، هەشت عومرەکار لە سعودیە کۆچی دواییان کردووە.