به رووبه‌رى زیاتر له 284 دۆنم زه‌وى
شه‌ش كێڵگه‌ى مین له‌ناو ماسته‌رپلانى گه‌شتیاری ئیداره‌ى سۆران دان
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ده‌زگاى كاروبارى مینى هه‌رێم ئاشكراى ده‌كات كه له سنوورى ئیداره‌ى سۆراندا شه‌ش كێڵگه‌ى مین كه‌وتوونه‌ته ناو ماسته‌رپلانى گه‌شتیاری، به‌ڵام شوێنه‌كانیان ده‌ستنیشان كردوون و ده‌ستیان به پاككردنه‌وه‌یان كردووه.
کێڵگەیه‌كى مین كه‌وتووه‌ته گوندی بێخاڵى سەر بە قەزای رواندز و پێنج کێڵگەكه‌ی دیكه‌ش لەسەر چیای گۆرەزه لە گوندی مەجیداوەى سەر بە ناحیەی دیانا.
ده‌زگاى مینى هه‌ولێر ده‌ڵێت، ئەم کێڵگە مینانە دژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دانراونەتەوە و لە شۆڕشەکانی کوردستان کە ئەم ناوچەیە شەڕی زۆری لێکراوە و ئه‌وانیش نزیکەی 65% تواناکانیان خستۆتە کار بۆئه‌وه‌ى بتوانن بە ماوەیەکی نموونەیی تەواویان بکەن.
رووبەری هه‌ر شه‌ش كێڵگه مینه‌كان بریتییه له 712 هه‌زار و 548 مەتر دووجا، كه ده‌كاته زیاتر له 284 دۆنم زه‌وى.
باس له‌وه‌كراوه كه لە مانگی تشرینى دووه‌مى 2024 تیمەکانى ئه‌م ده‌زگایه دەستیان بە کارکردن کردووە له كیڵگه منیه‌كان، بەڵام بەهۆی وەرزی زستان و باران و بەفره‌وه کارەکان سست بووە.
کێڵگە مینی گوندی بێخاڵ تەواو بووە، بەگشتیش به رێژه‌ى 19.5% رووبەری گشت کێڵگە مینەکان پاککراوەتەوە و تاکو ئێستا 259 مین و پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی دۆزراونەتەوە و لەناوبراون.
مینەکان دژەکەسین لە جۆرەکانی V69 و POMZ و پێشبینی دەکرێت جۆری تری مینی دژەکەسی لێبێت و لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کاری پاکسازی و پاککردنەوەی روبەری زیاتر ژمارەی مینی دۆزراوە زیاتر دەبن.