باران بارین لە ناوچەی شارباژێڕ _ وێنە: هاتوچۆی شارباژێڕ
باران و هەورەتریشقە دەبێت
بەقسەى کەشناسى بێت لەبەر باران لە هەندێ شوێن ئاگرى نەورۆز ناکرێتەوە
964+
وریا فەتاح
بەپێى پێشبینییەکانى کەشناسى، لەدوانیوەڕۆى ئەمڕۆوە باران و بەفر دەستپێدەکات، هەورە تریشقەشى لەگەڵ دەبێت و لە سلێمانى و هەڵەبجەش بارانەکە خەستتر دەبێت.
کەشناسى هەرێم، پێشبینییەکانى بۆ 48 کاتژمێرى داهاتوو بڵاوکردەوە، بەپێى پێشبینییەکانیان بۆ ئەمڕۆ 20 ئادار کە ئاگرى نەورۆزى کوردان دەکرێتەوە، ئاسمان لەژێر کاریگەرى شەپۆلێک لە نیمچەهەورە وە دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو و پاشان نمەباران لە تەواوى ناوچە سنوورییەکان باکور و رۆژهەڵاتى هەرێم دەستپێدەکات و لە ناوچە بەرزەکانیش بەفر دەبارێت.
وەک ئەوەى کەشناسى باسى دەکات، لە دوانیوەڕۆ لەگەڵ بارانەکە هەورەتریشقە و بروسکە دەستپێدەکات و کاریگەرییەکەشى زیاتر لەسەر شارى سلێمانى و هەڵەبجە دەبێت.
وەک ئەگەریش دایناوە کە تۆزێکى سوک لە ناوچەکانى باشوورى رۆژئاواى هەرێم لە کاتەکانى شەودا، دەستپێدەکات و بەرەبەیانى ئاسایى دەبێتەوە.
لەبارەى کەشى سبەینێ هەینى 21ـى ئادار، کەشناسى پێشبینى دەکات، ئاسمان هەور و نیمچە هەور بێت، لەگەل دابارین لەزۆربەی ناوچەکانی بادینان و پارێزگای دهۆک کە بەشێوەی نمە بارانی کەم کەم دەستپێدەکات لەگەڵ کەمێک بەفر بارین لەناوچە شاخاوییە سنووریەکانی باکوور، پاشان بۆ کاتەکانی نیوەرۆکاریگەی درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵات و پارێزگای سلێمانی هەروەها ناوچەکانی تری هەرێمیش بەشێوەى پچرپچر دەبارێت پاشان کاریگەری لاواز دەبێت.
بەپێى پێشبینییەکان، شەپۆلەکە کاریگەرییەکانى بەردەوام دەبێت تا نیوەڕۆى رۆژى شەممە و دواتر رەوشەکە ئارام دەبێتەوە.
وەک ئەوەى کەشناسى پێشبینى کردووە، پلەکانى گەرما دادەبەزن بەم شێوەیە:
هەولێر :19 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 17 پلەی سیلیزی
دهۆک : 15 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 21 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 15 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 16 پلەی سیلیزی
سۆران : 15 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 8 پلەی سیلیزی
گەرمیان :21 پلەی سیلیزی