رێگەی خورماتوو - کفری داخراوە

داعش هێرشی كردەسەر سوپای عێراق و چەكدارێكیان خۆی تەقاندەوە

+964
سیروان خورشید – دوزخورماتووو

کەمێک پێش ئێستا ژمارەیەک چەکداری داعش ھێرشیان کردە سەر سوپای عێراق و رووبەڕووبونەوەی چڕ لە نێوانیان روویدا، رێگای نێوان خورماتوو و کفرییش داخراوە.

موقەدەم حەمە چەوری، فەرماندەی لیوای 32ـی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری خورماتوو بە 964ـی وت، “ژمارەیەک چەکدار لە سنووری گوندی قوڕی چای لە نێوان خورماتوو و کفری، ھێرشیان کردووەتە سەر لیوای 88ـی فەوجی دووی سوپای عێراق و رووبەڕووبوونەوە روویداوە.

وتیشی، لە کاتی ھەڵھاتنی چەکدارەکان، چەکدارێکیان خۆی تەقاندووەتەوە یان  بۆمبی چێنراو پێیدا تەقیوەتەوە، ئێستاش سوپای عێراق گەمارۆی چەکدارەکانیان داوە و رێگای نێوان خورماتوو – کفری داخراوە و هێزێکی زۆریش گەمارۆی ناوچەکەیان داوە.

حەمە چەوری هەروەها ئەوەشی باس كرد، كە ئەو چەكدارانە لە سنووری پەلكانە هاتوونەتە و هێرشەكەیان ئەنجامداوە.

پەلكانە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی قەزای خورماتوو، نزیكەی 20 كیلۆمەتر لێیەوە دوورە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

"داعش چەكی نوێی دەستكەوتووە و خۆی رێكخستووەتەوە"