رفێندرابوو
هاوڵاتییەک لە شنگال رزگار كرا و پێنج كەسیش دەستگیر كران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند هاوڵاتییەکیان رزگار كردووە، كە خەڵکی قەزای شنگالە و ئەو پێنج كەسەی رفاندبوویان، دەستگیر كران
شانەکە لە راگەیاندراوێكدا ئەمڕۆ چوارشەممە 19.3.2025 بڵاویانكردەوە، “گرووپێکی نایاسایی هاوڵاتییەکیان لە قەزای شنگال رفاندبوو، بە بەکارهێنانی دوو ئۆتۆمبێل و بردبوویان بۆ شوێنێکی دیکە، بەڵام دەستبەجێ دوای رفاندنەکە، هێزە ئەمنییەكانمان لە فیرقەی 20ی سوپای عێراق و پۆلیسی شنگال و هێزەکانی دەستبەسەرداگرتن بە دوای دوو ئۆتۆمبێلەكە كەوتوون و رووبەڕووبوونەوەی چەكدارییش دروست بووە”.
هەروەها شانەكە دەڵێت: “لە کاتی راوەدوونانی ئەو کەسانەدا، ئەوان نارنجۆکێکیان بە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی هێزە ئەمنییەکان تەقاندووەتەوە و لە ئەنجامدا چوار ئەندامی هێزەكە بە سووكی برینداربوون، هێزەكەش توانیوانە دووان لە رفێنەرەكان بریندار بكەن، كە یەكێكیان برینی سەختە، دواجار پێنج تۆمەتباریان لەوان دەستگیرکرد، کە بەشدارییان لە رفاندنەکەدا کردبوو”.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، رێوشوێنی یاسایی پێویست بەرامبەر دەستگیرکراوان گیراوەتەبەر و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کران، بۆ تەواوکردنی پەڕاوی لێکۆڵینەوە.