کۆبوونەوە کراوە و بڕیاریاندا
ئەو خانووەی لە پێنجوێن هاودژی نەخشەی شارەوانی نەبێ حسابکە تاپۆ کراوە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
بە بڕیارێک ئەو خانووە زیادەڕۆیانەی دەکەونە ناو سنووری شارەوانی پێنجوێن و لەگەڵ نەخشەی شارەوانی هاودژ نین، تاپۆ دەکرێن.
رەئوف رەشید سەرۆکی شارەوانی پێنجوێن بە 964ـی وت، ئەمڕۆ چوارشەممە 19.3.2025 لەگەڵ قایمقام و لێپرسراوی کشتوکاڵی لە شارەوانی پێنجوێن کۆبوونەتەوە و بڕیاریاندا بە تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان.
“بڕیارەکە بەپێی رێنمایی ژمارە 3ـی ساڵی 2019 جێبەجێ دەکرێت و ئەو خانوو و گەڕەکانە دەگرێتەوە کە دەکەونە ناو سنووری شارەوانی پێنجوێنەوە”، رەئوف رەشید وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو شوێن و گەڕەکانەی لەگەڵ نەخشەی بنەڕەتدا یەکناگرنەوە، بە زەوییەک قەرەبووی خاوەن خانووەکان دەکەنەوە و خۆیان مامەڵە دەکەن بەو موڵکەوە کە دەکرێت ببێت بە باخچە یان زەوییەکان بدرێنە موڵکی بازرگانی، بەتایبەتیش ئەوانەی کە لە سەنتەری بازاڕەوە نزیکن.
قەزای پێنجوێن سەربە پارێزگای سلێمانییە و هاوسنوورە لەگەڵ شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەپێی ئامارێکی ساڵی 2024 دانیشتوانی قەزاکە زیاترە لە 30 هەزار کەس.
پێداچوونەوە: شۆرش قادری