بۆماوەى 10 رۆژ
كێڵگەی كۆرمۆر لە بەرهەمهێنانی غاز دەوەستێنێت
964+
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
مانگى داهاتوو بۆماوەى 10 رۆژ، بەرهەمهێنانى غاز لە کێڵگەى غازى کۆرمۆر دەوەسێتێت، بۆ ئەوەى قەیرانى غازیش دروست نەبێت، لەئێستاوە دەستکراوە بە کگاکردنى غاز.
عومەر عەبدوڵا بەرپرسی لیژنەی دابەشكردنی غاز لە نەوت و كانزاكانی سلێمانی بە 964ـى وت، ئێمە خۆمان ئامادە دەكەین بۆ عەمباركردنی غاز بۆ مانگی چواری 2025، چونكە وابڕیارە لەو مانگەدا كێڵگەی غازی كۆرمۆر بۆماوەی 10 رۆژ، چاكسازی لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی غاز بكات.
وێستگەیەكی نوێ دادەمەزرێنێت کە توانای بەرهەمهێنانی هەزار تۆن غازى هەیە لە رۆژێكدا
بۆ ئەوەى قەیرانى غازى ماڵان دروست نەبێت، بە وتەى عومەر عەبدوڵا، لەئێستاوە دەستیانکردووە بە عەمبارکردنى غاز، بۆ ئەوەش پلانێکیان داناوە و هەر بریکارێکى غاز رۆژانە 20 بۆ 40 بوتڵ غازى لێ دەبڕن و کۆگاى دەکەن.
لەناو سلێمانی 22 كارگەی غاز هەیە و لە ئێستاشدا نزیكەی 350 تۆن بەرهەمی عەمباركراویان هەیە، هەر كارگەیەكیش نزیكەی 15 بریكاری هەیە و كۆی گشتیش 330 بریكار غاز بەسەر گەڕەكەكانی ناوشار دابەش دەكەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح