بۆچی؟
خانەقین؛ لە شوێنی ئاهەنگی نەورۆز خێوەتی شیعە مەزهەبەکان دانرا
964+
ڕاژان باجەڵان – خانەقین
لە ناو فولکەی کرندی لە خانەقین ئەو شوێنەی کە ئاگری نەورۆزی تێدا دەکرێتەوە، دوو خێوەت هەڵدراوە لەلایەن شیعە مەزهەبەکانەوە، ئەوەندەی سۆراغی دۆخە کراوە، نیەتی ئەوان ئەوەیە ئامادەکاری بۆ شیوەنکردن بەبۆنەی شەهیدبوونی ئیمامی عەلی بکەن.
پێشتر خێوەت لەو شوێنە هەڵنەدراوە، بەڵام دانانی خێوەت لە شوێنی ئاگر نەورۆز پرسیار و گومانی دروست کردووە.
عەلی وەلی سەرپەرشتیاری خێوەتەکەیە ئەو بە 964ی وت، لە شەوی 19ی مانگی رەمەزانەوە ئیمامی عەلی بریندار دەبێت و لە شەوی 21 شەهید دەبێت، ئەم رۆژانە لەلای مەزهەبی شیعە رۆژانێکی دڵتەنگ و ماتەمینە بۆیە خێوەتەکە هەڵدراوە.
ئەو وتی، لەناو خێوەتەکە کار بۆ دابەشکردنی خواردنی بەربانگ و پاشێو و دابینکردنی پێداویستی ئەو کەسانە دەکەن، کە بە دەستەکانیان زنجیر لە خۆیان دەدەن و دەچنە بازاڕ و دێنە حوسەینییەکان.
محەمەد یوسف، ئەندامی لیژنەی رێکخستنی ئاهەنگی نەورۆزە لە خانەقین بە 964ی وت، ساڵانە ئاهەنگی نەورۆز لەو شوێنە دەکرێت، بەڵام ئەمساڵ دیارە برایانی شیعە مەزهەب لەو شوێنە خێوەتەکەیان داناوە، ئێمەش دڵنیایی خەڵک دەکەین ئەگەر ئاهەنگیش نەکرێت هەر ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە و شوێنێکی بەدیلی بۆ دەدۆزرێتەوە لەلایەن لیژنەکەوە.
دانانی ئەم خێوەتە دوو دیوی لێ دەخوێنرێتەوە لەلایەن هاوڵاتییان، کە 964 سۆراغی کردووە یەکێکیان هەولێكی هۆکار بۆ مەزهەبگەری لە بەرامبەر کوردی ناوچەکە و لەهەمان کاتدا بەشێکی تر لە هاوڵاتیان وای دەبینن کە ئەو دوو بۆنەیە بەیەکەوە لەم شارە رەنگدانەوەی پێکەوەژیانی سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکەیە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا