حاسڵاتی ئەمڕۆ
تاکە چارە کردنەوەی دەرگای ئیمرالییە و دەم پارتیش لەگەڵ پارێزەرەکان کۆبووەوە
964+
ژووری هەواڵ
عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە زیندانەوە پەیامێکی بۆ ئێزدییەکان ناردووەو دەڵێت، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی وەڵامە بۆ 73 کۆمەڵکوژی، ئەو پڕۆسەیەی، کە دەستمان پێکردووە زۆرترین بوون و ئازادیی بۆ گەلی ئێزدیمان دەهێنێت.
موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە دەڵێت: لەرووی سەربازی و سیاسییەوە هەموو جۆرە بژاردەیەکمان هەیە، تاکە رێگاش بۆ پرۆسەی ئاشتی ئازادبوونی ئۆجەلانە، لەوە کەمتر هیچ هەڤاڵێک قایل نابێت.
شاندی دەم پارتی لە کۆبوونەوەکانیان بەردەوامن لە پێناو بەدەستهێنانی پاڵپشتی بۆ پرۆسەی ئاشتی، ئەمڕۆ لەگەڵ یەکێتی پارێزەرانی تورکیا کۆبوونەوەو قسەیان لەسەر ئەوە کردووە چۆن لە رووی یاساییەوە پرۆسەی ئاشتی ببەنە پێشەوە.
سەرۆکایەتی تورکیا رەتی دەکاتەوە هێرشەکەی کۆبانێ لەلایەن ئەوانەوە ئەنجام درابێت و دەڵێن ئاگاداری نین، ئەو هێرشەی دوێنێ دووشەممە بووە هۆی گیانبەخشینی خێزانێکی 9 کەسی.
بەهۆی گرژییەکانی ئەم دواییەی سوریاوە 13 هەزار کەس لە شارە کەناراوەکان روویان لە لوبنان کردووە، تیمی ئیدارەی قەیرانەکانی لوبنان دەڵێت لە ساڵی 2011ەوە یەک ملیۆن 500 هەزار هاوڵاتی سوریا روویان لە لوبنان کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا دەڵێت: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خوارووی سوریا ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە، داواشی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد قسەیەکیان هەبێت.