هێرشیان كردبووە سەر بنكەی پۆلیس
دوو كارمەندی كۆماندۆ خۆیان رادەستی پۆلیسی خورماتوو کرد
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ئەو دوو چەکدارەی هێزەکانی کۆماندۆ کە هەفتەیەک پێش ئێستا هێرشیان کردەبووە سەر بنکەی پۆلیسی داستانی زینانە و تێیدا هاوڕێیەکی خۆیان ئازاد کردبوو، ئەمڕۆ خۆیان رادەستی پۆلیسی زینانە کرد.
سیروان رەشید، ئەفسەر لە بنکە پۆلیسی دارستانی زینانە بە 964ـی وت، ئێوارەی ئەمڕۆ ئەو دوو چەکدارەی کۆماندۆ کە هەفتەی پێشوو هێرشیان کردبووە سەر بنکەکەیان، خۆیان رادەستی بنکەی پۆلیسی زینانە کردووە و ئێستا هەردووکیان دەستبەسەرن، جگە لەوە دوو ئۆتۆمبێلیشیان لە جۆری پاتڕۆڵ دەستی بەسەردا گیراوە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا دەستی پێکردووە.
وتیشی، هەفتەی پێشوو لە کاتی دەستگیرکردنی دوو راوچیدا لە سنووری ناحیەی نەوجول لە ناوچەی داودەی سنووری خورماتوو، کارمەندێکی کۆماندۆ بە هانای راوچییەکانەوە هات و پۆلیس ئەویشیانی دەستگیر کرد، پاشان لەلایەن دوو کارمەندی دیکەی کۆماندۆوە، کە ئێستا دەستبەسەرن هێرشیان کردە سەر بنکەکەیان و دوای دروستبوونی دەمەقاڵی و شەڕ، کارمەندەکەیان ئازاد کرد کە بە هانای راوچییەکانەوە هاتبوو”.
لە کاتی دەستگیرکردنی راوچییەکان، جگە لە ئۆتۆمبێلەکەیان لە جۆری پەتڕۆڵ، کلاشینکۆف و تاپڕیان پێ بووە و سەرجەمیان دەستیان بەسەراگیراوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا