بۆ یادی کیمیاباران
حەوت پایسكلسوار لە كرماشانەوە گەیشتنە هەڵەبجە
+964
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
لە دووەم رۆژی چالاکییەکانی یادی 37 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، پێشوازی لە حەوت پایسکلسواری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرا، کە لە دوێنێوە لە کرماشانەوە بە پاسکیل بەڕێکەوتبوون و ئەمڕۆ گەیشتنە مۆنۆمێنتی شەهیدان و تاجە گوڵینەی وەفایان لەسەر پەیکەری عومەری خاوەر دانا.
محەمەد ئەمینی، گەنجترین پایسکلسواری تیمەکە، کە خەڵکی پاوەیە بە 964ی وت: “ئەمە دووەم جارمە دێمە هەڵەبجە، سڵاوی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانمان هێناوە بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان، بە ئامانجی بەشداریکردن لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجە ئەو حەوت کەسە لە دوێنێوە بەڕیکەوتووین و ئەمڕۆش گەیشتینە هەڵەبجە”.
سیروس هیمەتی، یەکێکی دیکە لە پایسکلسوارەکان بە 964ی وت: “لەبەر رێزی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە، لە کرماشانەوە هاتووین، لە دوێنێوە بەڕێکەوتووین و ئەمشەو لە هەڵەبجە دەمێنینەوە و سبەینێ دەگەڕێینەوە بۆ کرماشان”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا