31 كەس لە هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر یەمەن كوژران
ترەمپ چاودێریی هێرشەكان دەكات
31 كەس لە هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر یەمەن كوژران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
هێزەكانی ئەمریكا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ماڵی چەند سەركردەیەكی گرووپی حوسییەكانی لە چەند شوێنێكی یەمەن كردە ئامانج، كۆشكی سپییش رایگەیاند، سەرۆكی ئەمریكا خۆی چاودێریی پرۆسەكە دەكات.
بە گوێرەی هەواڵی میدیا جیهانییەكان، لە شاری سەنەعای یەمەن، هەڵمەتەکە ماڵی حەسەن عەبدولقادر شەرەفەدینی کردووەتە ئامانج، کە بەرپرسیاری دارایی بازرگانی نەوت و گازی حوسییەکانە.
هەروەها هێرشكراوەتە سەر ماڵی عەلی فازڵ، یەکێک لە سەرکردە دەریاییەکانی ژوورەکانی ئۆپەراسیۆنی حوسییەکان.
ماڵەكەی عەلی فازڵ پێشتر بارەگای کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلمەسیرە بوو، کە ئۆرگانی فەرمی حوسییەکانە.
هێرشێكی دیكەش كراوەتەسەر ماڵی عەبدولمەلیک شەرەفی، كە سەرکردەیەکی ئەمنی سەر بە دەزگای هەواڵگری سەربازی حوسییەکانە.
سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە، ئەندامانی بنەماڵەی شەرەفی لەناو ماڵەکەدا کوژراون، بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی شەرەفی تا ئێستا روون نییە.
هاوكات لە شاری سەعدەش ماڵی چەند سەرکردەیەكی حوسییەكان كراوەتە ئامانج
لە راپۆرتێکی رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ی ئەمریکیدا هاتووە کە بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی گرووپی حوسییەکان یەکێکە لە ئامانجەکانی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر یەمەن.
سەرچاوە ئاگادارەکان باسیان لەوە کردووە، لە ناو ئەو شوێنانەی كراونەتە ئامانج، ماڵی سەرکردە حوسییەکانی نیشتەجێی شارەكانی سەنەعا و سەعدە بوون، بە گشتییش هێرشەكان كراونەتە سەر حەوت پارێزگای یەمەن.
بەپێی ئامارێکی نوێ و ناکۆتایی کە وەزارەتی تەندروستی حوسییەکان ئەمڕۆ یەکشەممە رایانگەیاندووە، هێرشەكانی ئەمریکا بۆ سەر حوسییەکان لە یەمەن بووە هۆی کوژرانی 31 کەس.
هەر لە بارەی ئەو هێرشانەوە، كۆشكی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا خۆی چاودێریی هێرشەكان و بارودۆخەكە دەكات.
هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر یەمەن، وەك پێگەی ئێكسیۆسی ئەمریكی باسی دەكات، وەڵامی ئەمریكایە بۆ هەڕەشەی حوسییەكان بۆ سەر ئاسایشی دەریاوانی لە دەریای سوور، ئەمە جگە لەوەی دوو هەفتە لەمەوبەر حوسییەكان درۆنێكی ئەمریكایان خستەخوارەوە.