هێشتا نەبووەتە پارێزگای 19
ئەمڕۆ یادی 37 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجەی شەهیدە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ یەكشەممە 16.3.2025، یادی 37 ساڵەی كیمبارانكردنی شاری هەڵەبجە هەرێمی كوردستانە لە لایەن حكومەتی بەعسی هەڵوەشاوە، بەڵام هێشتا پرسی بەپارێزگابوونی شارەكە لە پەرلەمانی عێراق چەقیوە و برین و ئازار و مەینەتییەكانی خەڵكی شارەكەش ساڕێژ نەبووە.
ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی پێشوو، یادی كیمیابارانی هەڵەبجە بە گەرموگوڕی دەكرێتەوە و بڕیارە سێ رۆژ بەردەوام بێت، چەندین چالاكی جۆراوجۆر بەم بۆنەیەوە دێنە ئەنجامدان.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی لە پۆستێكدا ئەمڕۆ نووسیویەتی، “جێی داخە، حکومەتی فیدراڵ تا ئێستا، بەرپرسیاریەتیی دەستووری و یاسایی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیان و شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالکراوان جێبەجێ نەکردووە، تەنانەت تا ئێستاش ئەنجومەنی نوێنەران پرۆسەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند نەکردووە، بۆیە داوا دەکەین چیتر کەمتەرخەمی بەرامبەر قوربانیدانەکانی هەڵەبجە نەکرێت و بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووبکرێنەوە و بە پارێزگابوونەکەشی لە زووترین کاتدا پەسەند بکرێت”.
كارەساتی جینۆساید و كیمیابارانی خەڵكی هەڵەبجە
چەند رۆژێك پێش نەورۆزی 1988 و لە رۆژى 16ـى ئادار، شارى هەڵەبجە لەلایەن رژێمى پێشووى عێراقەوە کیمیاباران کرا و پێنج هەزار کەس بەهۆیەوە لە چەند چرکەساتێکدا گیانیان لەدەست دا.
بەهۆى کارەساتەکەوە نزیکەى 10 هەزار کەسیش بریندار بوون و بەشێکیان تائێستاش بەرکەوتەى ئەو چەکە قەدەغەکراوەن و ژیان لەگەڵ ئازاردا بەڕێدەکەن، جگە لەوە بە هەزاران کەسى دیکە شارەکەیان جێهێشت و بەرەو ئێران رۆیشتن و ژمارەیەک کەسیش تائێستا بێسەروشوێنن، بە تایبەت ئێستاش لێرە و لەوێ منداڵى ونبووى هەڵەبجە دەدۆزرێتەوە.
پرسی بەپارێزگابوونى هەڵەبجە
رۆژی 5.2.2015 لە هۆڵى مۆنۆمێنتى شەهیدان لە هەڵەبجە، به سهرۆكایهتیی د.یوسف محهمهد سادق، سهرۆكی ئەوکاتى پهرلهمانی كوردستان دانیشتنی ژماره 2ـى نائاسایی ساڵی دووهمی خولی چوارهمى پەرلەمان بهڕێوهچوو کە تێیدا یاساى ئیدارەى پارێزگاى هەڵەبجە پەسەند کرا.
لە رێکەوتی 13.3.2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای پارێزگای ھەڵەبجەی پەسەند کرد، رۆژی 2ی نیسانیش ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەکە کرد.
دواتر لە رۆژی 4.5.2023 پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاساکە تەواو کرد و پێشنیاری ژمارەیەک پەرلەمانتاری خستەڕوو، کە داوای دابینکردنی بودجەیەکیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیاوی دەکرد.
تائێستا زیاتر لە حەوت جار، دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساى بە پارێزگاکردنى هەڵەبجە دواخراوە، لە چوار ماددە پێكهاتووە، لە کاتێکدا بڕیار بوو لە 2023دا پڕۆژەکە لە پەرلەمانی عێراقەوە دەنگى لەسەر بدرێت.
پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونى هەڵەبجە لە چوار مادە پێکهاتووە، یەکەم مادە باسی بەپارێزگابوونى هەڵەبجە دەکات وەک نۆزدەیەمین پارێزگاى عێراق کە ناوەندى پارێزگاکە شارى هەڵەبجە دەبێت، مادەى دووەمیش ئاماژەى بەوە داوە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان سنوورى یەکە ئیدارییەکانى پارێزگاکە دیاری بکات.