لەناو بازاڕى سلێمانى بنێشت دەفرۆشێت
دایکە گەلاوێژ؛ چیرۆکى ئەو ژنەى ئاواتى ئەوەیە رۆژێک درەنگ لەخەو هەستێ
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانى
هەموو بەیانییەک زوو لەخەو هەڵدەستێت و دەچێتە سەر شەقامى مەولەوى و بنێشت دەفرۆشێت، لەو رێگەیەوە دەیەوێت کرێى خانوو و بژێوى ژیانى خۆیى و کچەکەى دابین بکات. خوێندەواریى نییە و نازانێت تەمەنى چەندە، خەونى گەورەشى بوونى خانوویەکە و ئاواتییەتى بەیانییەک تا نیوەڕۆ لەخەو هەڵنەستێت. ئەمە چیرۆکى دایکە گەلاوێژ عەلییە کە دانیشتووى گەڕەکى مەڵکەندى سلێمانییە.
ئەو دایکە رەنجدەرە کە ماندووێتى لە رووخساریدا دەردەکەوێت، بۆ 964 باسى لە زەحمەتییەکانى ژیانى دەکات و وتى،”بەیانیان لەپێش کرێکارەکان لەخەو هەڵدەستم و دێمە بازاڕ بنێشت دەفرۆشم بۆ ئەوەى کرێى خانووەکە و بژێوى خۆم و کچەکەم دابین بکەم”.
ئەو کە رۆڵەى سلێمانییە، بەڵام تائێستا خانووى خۆى نییە و کرێچییە، نە کوڕى هەیە و نە هاوسەرەکەى لەژیاندا ماوە، تەنیا خۆیى و کچەکەى لە گۆشەیەکى گەڕەکى مەڵکەندى لە خانوویەکى کرێدا دەژین و دەڵێت،”کرێکەم پشتى شکاندووم”.
کاتێک دیلان محەمەد، پەیامنێرى 964 پرسیارى ئەوەى لێدەکات تەمەنت چەندە و ئاواتت چییە، دایکە گەلاوێژ دەڵێت خوێندەواریى نییە و تەنانەت نازانێت چ
ساڵێک لەدایک بووە، بەڵام خەونەکەى هەمان خەونى سەرەتایى هەر کەسێکە، کە بوونى خانوویەکە بۆ ئەوەى چیتر کرێ نەدات و بتوانێت رۆژێک درەنگ لەخەو هەستێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح
