وەرزشوانی شاخەوانییە

ئێلناز ریكابی لە ژێر “فشارە ئەمنییەكان” ئێرانی جێهێشت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئێلناز ریکابی كچە پاڵەوانی شاخەوانیی ئێران، بەهۆی فشارە ئەمنییەكانی حكومەتی وڵاتەكەی، ناچار بووە ئێران جێبهێڵێت و خۆی گەیاندووەتە ئیسپانیا.

براکەی ئەو كچە، كە ناوی داود ریکابییە، لە ئینستاگرام نامەیەکی بڵاوکردەوە کە ئاراستەی ئێلناز دەکات و ئەوە ئاشكرا دەكات، خوشكەكەی ئێرانی جێهێشتووە.

داود بە خوشكەكەی دەڵێت، لە هەر کوێیەک بیت، زەوی ماڵی تۆیە خوشکەکەم.

داود کە پێشتر شاخەوانی بەرد بووە، دەشڵێت “خۆزگە ئەم شوێنە بۆ ئێوە باشتر بووایە، بۆ ئەوەی ئەم دڵتەنگییە بارگرانی نەکاتە سەر دڵمان، دووربوون لە ئازیزان و ئازیزان قورسترین شتە لە ژیاندا”.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی رۆیشتنی ئێلناز، بەكارهێنەرانی سۆشیال میدیا ڤیدیۆیەكیان بڵاوکردەوە کە بە وتەی خۆیان بەڵگەی بەشداریکردنی ئێلنازە لە پاڵەوانێتییەکدا لە کۆریای باشوور، کە تێیدا کەسایەتییەکی میدیایی ئێرانی ئاماژە بە “پرسی لابردنی حیجابی ناچاری” دەکات.

لە مانگی ئایاری 2024 لە پاڵەوانێتی سەرکەوتنی بەردەکان بۆ كچانی ئاسیا، کە لە چین بەڕێوەچوو، ئێلناز میدالیای زێڕی بەدەستهێنا، هەروەها لە 2021 لە مۆسکۆ میدالیای برۆنزی بەدەستهێنا.

هەروەها لە ساڵی 2022 پلەی چوارەمی پاڵەوانیەتیی ئاسیای بەدەستهێنا کە لە کۆریای باشوور بەڕێوەچوو.

ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی “ژن، ژیان، ئازادی” و ئێلناز لە کاتی پاڵەوانێتییەکەدا بە بێ حیجاب دەرکەوت و بەوە تۆمەتبار كرا، پاڵپشتیی ناڕەزایەتییەكانی ئێران دەكات.

بۆیە دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران، رێوشوێنی ئەمنی توندی بەرامبەر ئەو كچە گیرایەبەر، بۆ ماوەیەک خراوەتە ژێر دەستبەسەری ماڵەوە و خانووی خێزانەکەیشیان رووخاند.

کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵ، كە بە زمانی فارسی پەخش دەكات، بڵاویكردەوە ئێلناز بەهۆی سپۆنسەری کۆمپانیایەکی تایبەتمەند لە کەرەستەی سەرکەوتن بەسەر بەردەکاندا توانی بەرەو ئیسپانیا رابكات.

کەناڵەکە ڕوونی کردەوە کە فیدراسیۆنەکانی شاخەوانی بەرد لە ئێران و وەزارەتی وەرزش بڕیاریان داوە ، ئێلناز و براکەی لە هەڵبژاردەی نیشتمانی دووربخەنەوە، ئەمەش وایکردووە ئێلناز ئێران بەجێبهێڵێت.

بەپێی سەرچاوە میدیاییەکان، ئێلناز ویستوویەتی بمێنێتەوە و بە ناوی وڵاتەکەیەوە بەشداری پێشبڕکێکان بکات، بەڵام هیچ بژاردەیەکی نەبوو جگە لە ڕۆیشتن.

ئێلناز یەكەم وەرزشوانی ئێرانی نییە بەهۆی فشارەكانەوە وڵاتەكە جێبهێڵێت، بە دەیانی دیكەش هەن وڵاتەكەیان جێهێشتووە و لە دەرەوە دەژین.

نمایشێکی شاخەوانی لە ئەشکەوتی هەزارمێرد بەڕێوەدەچێت

نمایشێکی شاخەوانی لە ئەشکەوتی هەزارمێرد بەڕێوەدەچێت