ئەم ئێوارەیە سووتا
هۆكاری ئاگركەوتنەوە لە هەرزان بازاڕەكەی بەحركە هێشتا نادیارە
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
خاوەنی دوكانی هەرزان بازاڕی بەحرکە بەربانگەکەی بە ئیسراحەت نەکردەوە و دوکانەکەی سووتا، بەرگریی شارستانییش دەڵێت، هێشتا نەگەیشتوونەتە هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە و خەریكی لێكۆڵینەوەن.
سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13.3.2025 ئاگر لە دوکانێکی هەرزان بازاڕ لە ناحیەی بەحركەی سەر بە هەولێر کەوتەوە، کە کەلوپەلی ناوماڵ و شووشەواتی تێدا دەفرۆشت، بەهۆیەوە بەشێکی زۆری دوکانەکە سووتا.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە دوو تیم زوو گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و دواتریش هاوکاری خاوەن دوکانەکەیان کرد لە کۆکردنەوەی ئەو کەلوپەلانەی، کە لەناو دوکانەکەدا بە سەلامەتی دەرهێنرابوون.
موقەدەم شاخەوان سەعید وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە 964ی راگەیاند، ئاگرەكە لە 7:10 خولەك هەڵگیرساوە و لە 7:50 خولەك لە لایەن دوو تیمی بەرگریی شارستانییەوە كۆنتڕۆڵ كرا.
وتیشی، زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی ماددیی زۆر بەر دوكانەكە كەوت و زۆربەی كەلوپەلەكانی سووتان، هۆكاری ئاگرەكە هێشتا نادیارە و لە رێگەی كامێرای چاودێرییەوە خەریكی لێكۆڵینەوەن بۆ زانینی هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا