964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ شەممە 22.3.2025 ناسر ئەلئەسەدی، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە، رایگەیاند، ئەمساڵ هەڵسەنگاندنی ئەو کۆمپانیایانە دەكرێت، کە داواکارییان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی “رێگای گەشەپێدان” کردووە، ئاشكراشی كرد 11 كیلۆمەتری رێگاكە بە كوردستاندا تێدەپەڕێت.
راوێژەكارەكە ئاشكرای كرد پڕۆژەکە لە قۆناغی دانانی تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان و ئامادەکردنی دیزاینی کۆتاییدایە، هاوکات ئاماژەی بەوەدا رێگاکە بە کوردستاندا تێدەپەڕێت بۆ مەودای 11 کیلۆمەتر لە شاری دهۆک، هەروەها هەماهەنگی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمدا هەیە.
ناسڕ ئەلئەسەدی، لە لێدوانەكانیدا بۆ ئاژانسێكی عێراقی قسەی كردووە و 964 بینیویەتی، كە دەڵێت، “ئێمە بە چەند ئاراستەیەکدا دەڕۆین، ئابووری، هونەری، تەکنەلۆژی، سیاسی و ئەمنی هەموو ئاراستەکان کراوەن بۆ ئێمە بە مەبەستی گەیشتن بە باشترین میكانیزم بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە ماوەی ئەمساڵدا، هەڵسەنگاندن بۆ کۆمپانیا پێشکەوتووەکانیش دەکرێت و دیزاینە ئەندازیاری و تەکنیکییە کۆتاییەکان پەسەند دەکرێن.
“لە دوایین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رێگای گەشەپێدان، تاوتوێی پلانی ستراتیجی ئەمنی بۆ پاراستنی رێگاکە کرا، هەروەها پلانی ستراتیژی دیپلۆماسی هەیە بۆ بەبازاڕکردنی پرۆژەکە، هەروەها پلانی تریش هەیە بۆ سەرجەم وەزارەت و کەرتەکان بە مەبەستی دابینکردنی تایبەتمەندی بۆ ئەم رێگایە، بۆیە بە هەنگاوی هاوسەنگ و ورد دەڕۆین بۆ ئەوەی پرۆژەکە بەهای هەبێت و هەلی کار بۆ گەنجان دابین بکات”، ئەلئەسەدی وای وت.
ناسر ئەلئەسەدی راوێژكاری سودانی دەڵێت، ئەم پڕۆژەیە تەنیا عێراقییە، لە رووی تەکنیکی و تەکنەلۆجی و ئابوورییەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و دەرکەوتووە کە رێڕەوی رێگاکە راستە، هەروەها لە ریزی ئەو توێژینەوەیانەدایە کە ڕاوێژکارێکی نێودەوڵەتی ئەنجامی دەدات، جگە لەوە لێکۆڵینەوەی دیکەش هەیە کە لەلایەن کۆمەڵێک راوێژکارەوە ئەنجامدراوە بۆ بەهێزکردنی رێڕەوی دروستی رێگاكە.
رێگای گەشەپێدان چییە؟
رێگای گەشەپێدان یان کەناڵی وشک پڕۆژەیەکی عێراقییە بۆ بەستنەوەی شەمەندەفەر و وشکانی نێوان تورکیا و ئەوروپا لە باکوور و کەنداوی عەرەبی لە باشوور، بۆ گواستنەوەی کاڵا لە نێوان کەنداو و ئەوروپا.
وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە 27.5.2023 رایگەیاند، کە پڕۆژەکە لە رووی ئابوورییەوە خزمەت بە ناوچەکە دەکات و کاڵاکان لە ئەوروپاوە بۆ کەنداو و بە پێچەوانەوە لە رێگەی عێراقەوە دەگوازرێتەوە لە ماوەیەکی پێوانەییدا تەواو بکرێت، بڕیارە پڕۆژەكە لە 2028 بە ئەنجام بگات.
عێراق و تورکیا لەگەڵ دوو وڵاتی دیکەی کەنداو رێککەوتنی رێگای گەشەپێدانیان واژۆ کرد