"کاسبکاران فێربوون دەستکاری بەرواری کاڵاکانیان دەکەن"
تەندروستی خورماتوو هەڵمەتێکی پشکنینی شیرینیخانە و شەربەتفرۆشانی دەستپێکرد
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
چاودێری تەندروستی خورماتوو هەڵمەتێکی پشکنین و گەڕانی بۆ سەر شیرینیخانە و شەربەتفرۆشان دەستپێکرد، زیاتر لە 10 شوێن سزادران و کۆمەڵێک شیرینی و شەربەتی خراپبووش دەستیان بەسەراگیرا.
گۆران عەبدولمەجید بەرپرسی راگەیاندنی بنکەی کەرتی تەندروستی خورماتوو بە 964ـی وت، “هەڵمەتەکە جگە لەوەی بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە ئەنجامدراوە، وەک سەرەتایەکیش بۆ نزیکبوونەوەی وەرزی گەرما دەستمانپێکردووە، ئامانجمان پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان و هۆشداریدانە بەو دوکانانەی کە خواردنەوە و شیرینیە خراپبووەکان دەفرۆشن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە دوکانداران ئەو شەربەت و خواردنەوە غازیانەی کە ماوەبەسەرچوون، بەروارەکەیان لێدەکەنەوە یان بەرواری نوێی لەسەر دادەنێن و فێڵ لە کڕیار دەکەن، هەربۆیە لیژنەکان بەردەوام بەسەریاندەکەنەوە.
“هەر ئەمڕۆ 12 شیرینیخانە و دوکانی شەربەت فرۆشتن بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکانەوە سزای دارایی دران، کۆمەڵێک شیرینی و شەربەتی خراپبووش دەستیان بەسەرداگیرا و لەناوبران، ئەگەر دووبارەی بکەنەوە، دوکانەکانیان دادەخرێت و سزای توند دەدرێن”، گۆران عەبدولمەجید وای وت.
لەناو سەنتەری قەزای خورماتوو زیاتر لە 100 شیرینیخانە و دوکانی شەربەت فرۆشتن و خوادنەوە غازییەکان هەن، لیژنەکانی تەندروستیش بڕیاریان داوە، هەفتانە دوو جار پشکنینیان بۆ بکەن.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری