بەهۆی مانگی رەمەزان
کارکردن لە پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوی هەولێر خاوبووەتەوە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
هەرچەندە لە مانگی رەمەزاندا، کارکردن لە پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوی هەولێر خاوبووەتەوە، بەڵام تیمەکان بەردەوامن و زیاتر لە 70٪ـی کارەکان تەواو بوون.
حاتەم سلێمان ئەندازیار لە پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوی هەولێر بە 964ـی وت، “کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامە، بەڵام بەراورد بە پێش مانگی رەمەزان، کەمێک سستی پێوە دیارە”.
باسی لەوەشکرد، بۆ ئەوەی شەقامە سەرەکییەکان نەبڕن و هەڵیان نەکەنن، دوو ئامێری پێشکەوتویان هێناوە و لە قوڵایی زەوییەوە، ژێر جادەکان کون دەکەن و بۆرییەکانی بەژێردا دەبەن.
حاتەم سلێمان وتیشی، کارەکان باش دەڕوات جگە لەوەی لە شەقامی هەولێر – شەقڵاوە کەمێک ئاستەنگیان بۆ دروست بووە، ئەوەش بەهۆی رەقی زەوییەکە و تەسکی شوێنەکە.
بەپێی زانیارییەکانی 964 تائێستا زیاتر لە 70٪ـی کارەکانی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر ئەنجام دراون کە بڕیارە تا چوار مانگی تر بەیەکجاری تەواو ببێ و لەو رێیەوە کێشەی کەمئاوی هەولێر چارەسەر ببێت.
پێشتر ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی حکومەتی هەرێم بە 964ـی وتبوو، بەجێبەجێ کردنی پڕۆژەکە، لە کۆی 1350 بیر، زیاتر لە هەزاریان کە چەند گەڕەکێکی هەولێر بۆ ئاو پشتیان پێبەستووە، دادەخرێن و لەبری بیرەکان، ئاوی پرۆژەی فریاگوزارییان پێدەگات.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری