لۆگۆى دەستەى دەستپاکى عێراق... لە پەڕەى خۆیانەوە وێنەکە وەرگیراوە
پسوڵەیان ساختە کردووە
27 کارمەندى شارەوانى تکریت دەستگیرکران
964+
وریا فەتاح
دەستەى دەستپاکى عێراق، دەستگیرکردنى 27 کارمەندى شارەوانى تکریتى راگەیاند، ئەوەش دواى ئەوەى دەرکەوت پسوڵەى چاککردنەوەى کەلوپەلەکانى شارەوانیان، ساختە کردووە.
بەپێى راگەیەنراوى دەستەکە کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوى کردووەتەوە، تیمێک کە لە فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی سەڵاحەدین پێکهێنراوە، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە سەلاحەدین، توانیویەتی، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و وردبینی لە 1650 پسوڵە، ژمارەیەکى زۆر پسوڵەى ساختەى پاراستن و چاککردنەوەى ئامێرەکانى شارەوانى لە ساڵانى 2020 بۆ 2024، ئاشکرا بکەن.
وەک باسى دەکات، پسوڵەکان لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکانی کڕین و وەرگرتن و وردبینی و فرۆشگاکانەوە رێکخراون، بۆیە بەهۆیەوە 27 کارمەندى شارەوانى تکریت دەستگیرکراون.
دەستەکە ئاشکراى کردووە، تۆمەتباران 211 پسوڵەیان لە ساڵى 2020 و 280 پسوڵەیان 2021 و 336 پیسوڵەیان لە ساڵى 2022 و 611 پسوڵەیان لە ساڵى 2023 و 212 پسوڵەیان لە ساى 2024، ساختە کردووە و پارەکەیان بۆ بەرژەوەندى خۆیان خەرجکردووە.
ئێستا ئەو 27 کارمەندەى شارەوانى تکریت، بەپێى مادەى 340 لە یاساى سزادانى عێراق دەستبەسەرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.