رێککەوتن لەگەڵ عێراق و سوریا
کورد لە 11ـى ئادارەوە بۆ 10ـى ئازار
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ 55 ساڵ بەسەر رێککەوتننامەی 11ـى ئازاری ساڵی 1970 تێدەپەڕێت کە لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا بارزانی و حیزبی بەعس واژۆ کرا، رێککەوتننامەکە لە ساڵی 1969 بناغەکەی بە گفتوگۆی نێوان سەرکردایەتی بەعسی دەسەڵاتدارو سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول دانرا کە بریتیبو لە پێشەکیەک و 22 بڕگە کە 15 یان ئاشکرا و حەوتیان نھێنی بون، ھەمویان پێکەوە دۆکیۆمێنتێکى گرنگیان پێکهێنا بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی عێراق و بەدیھێنانی یەکێتی ریزەکانی کورد پاش چوار ساڵ شەڕ.
ناوەڕۆکى رێککەوتنى 11ـى ئازار
1- زمانی كوردی له پاڵ زمانی عه‌ره‌بی ره‌سمی ده‌بێت له‌و ناوچانه‌ی زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی كورده.
2- كورد به‌شداری ته‌واوی حكومه‌ت ده‌كات به سوپاشه‌وه.
3- په‌ره به په‌روه‌رده و كەلتوری كوردی ده‌درێت.
4- له‌و ناوچانه‌ی كه زۆربه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی كوردن سه‌رجه‌م كارمه‌نده‌كانی كورد ده‌بن.
5- كورده‌كان ئازادن له دامه‌زراندنی رێكخراوه‌كانی قوتابیان و لاوان و ئافره‌تان و مامۆستایان.
6- بودجه‌یه‌كی پێویست بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان ته‌رخان ده‌كرێت.
7- موچه‌یه‌ك بۆ خێزانی شه‌هیدان و هه‌ژاران و ئاواره‌كان دیاریده‌كرێت و یارمه‌تی ده‌درێن.
8- كورده‌كان و عه‌ره‌به‌كان ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه شوێنی نیشته‌جێبونی پێشوی خۆیان.
9- چاكسازی كشتوكاڵی ئه‌نجام ده‌درێت.
10- گه‌لی عێراق له دو نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و كورد پێكدێت.
11- ئێزگه‌ی رادیۆ و چه‌كه قورسه‌كان ته‌سلیمی ده‌وڵه‌ت ده‌كرێن.
12- یه‌كێك له جێگره‌كانی سه‌رۆك كۆماری عێراق كورد ده‌بێت.
13- ئیداره‌ی وڵات به شێوه‌یه‌ك رێكده‌خرێت كه له‌گه‌ڵ ئه‌م رێكه‌وتننامه‌یه بگونجێت.
14- بودجه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی زۆربه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی كوردن رێكده‌خرێت له یه‌كه‌یه‌كی ئۆتۆنۆمیدا.
15-گه‌لی كورد به پێی ژماره‌ی دانیشتوانی له ده‌سه‌ڵاتی یاساداناندا به‌شدار ده‌بێت.
دواى 55 ساڵ لەو رێککەوتنە، دوێنێ دووشەممە 10ـى ئازارى 2025، لە سوریا رێککەوتنێکى مێژوویى لە نێوان مەزڵوم عەبدى، فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى راگوزەرى سوریا، واژۆکرا کە لە ناوەڕۆکدا لێکچووى بەیاننامەى 11ـى ئازارە کە بەرجەستەکردنى مافى کوردانە، بەڵام بڕگەکانیان تاڕادەیەک جیاوازن.
ناوەرۆکى رێککەوتنى 10ـى ئازار
یەکەم- مسۆگەرکردنی مافى هەموو سوورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت بە بنەمای لێهاتوویی بێ رەچاوکردنی پاشخانی ئایینی و نەتەوەیی.
دووەم- کورد نەتەوەیەکى رەسەنە لە سوریا و دەوڵەت مافی هاوڵاتی بوون و هەموو مافە دەستورییەکانی مسۆگەر دەکات.
سێیەم- راگەیاندنى ئاگربەست لە سەرتاسەری خاکی سووریا.
چوارەم- یەکخستنى هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتی دەوڵەتی سوریا، بە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان و کێڵگەکانی نەوت و گازەوە.
پێنجەم- گەڕانەوەی هەموو ئاوارە سورییەکان بۆ شار و گوندەکانیان و دابینکردنی پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتەوە.
شەشەم- پاڵپشتیکردن لە دەوڵەتى سووریا لە هەر هەڕەشەیەک.
حەوتەم- رەتکردنەوەى وتارى رق و کینە و هەوڵەکانى بڵاوکردنەوەى فیتنە لە نێوان پێکهاتەکانى سوریا.
هەشتەم- لیژنەکانى جێبەجێکار دەبێت دەقى رێککەوتنەکە جێبەجێ بکەن، بەشێوەیەک لە کۆتایى ئەمساڵ تێنەپەڕێت.
شیکردنەوە بۆ ناوەڕۆکى رێککەوتنەکان:
بەپێى ناوەڕۆکى رێککەوتنەکەى 11ـى ئازار، بۆ یەکەمجار لە مێژووی دروستبوونی عێراقدا، داننرا بە ئۆتۆنۆمییەکی ئیداریی و سەربازیی بۆ کوردستان و لە حکومەتی مەرکەزیدا.
بەپێى ناوەڕۆکى رێککەوتنەکەى دوێنێ 10ـى ئازار، کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سوریا و دەوڵەت مافی هاوڵاتی بوون و هەموو مافە دەستورییەکانی مسۆگەر دەکات، ئەوەش یەکەمجار بوو لەلایەن دەسەڵاتى سوریاوە بەم شێوەیە دان بە بوونى کورد دابندرێت.
لە رێککەوتننامەى 11ى ئازار هاتووە، زمانی كوردی له پاڵ زمانی عه‌ره‌بی ره‌سمی ده‌بێت له‌و ناوچانه‌ی زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی كورده، بەڵام لە رێککەوتننامەى 10ـى ئازار، جگە لە بەرجەستەکردنى مافى هەموو سورییەکان بە کوردیشەوە، هیچ شتێک لەبارەى زمانى کوردى نەهاتووە.
لە بەیاننامەى 11ـى ئازار هاتووە، كورد به‌شداری ته‌واوی حكومه‌ت ده‌كات به سوپاشه‌وه، لە بەیاننامەى 10ـى ئازاردا هاتووە، یەکخستنى دامەزراوە مەدەنى و سەربازییەکان لە باکور و رۆژهەڵاتى سوریا، ئەوەش لە چوارچێوەى دەوڵەتى سوریا، بە دەروازە سنوورییەکان و قڕۆکەخانەکان و کێڵگە نەوتییەکانەوە.
گرینگ‌ترین دەستکەوتی رێککەوتنامەی 11 ئازار و 10ـى ئازار
-لە 11ـى ئازاردا، حکومەتی عێراق بە فەرمی دانی‌نا بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کوردا.
-لە 10ـى ئازاردا، بۆیەکەمجار دەوڵەتى سوریا دانی‌نا بە کوردا وەک نەتەوەیەکى رەسەنى سوریا.
-هەردوو رێککەوتنى 11ـى ئازار و 10ـى ئازار، دوو بەڵگەنامەیەى گرنگن بۆ کورد لە عێراق و سوریادا.
مەترسییەکان
وەکچۆن مەترسى سەرەکى سەر رێککەوتنى 11ـى ئازار بۆ سود وەرگرتنی کات بوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، چونکە لە بنەڕەتدا حکومەتی ناوەند هیچ باوەڕێکی بە پەیماننامەکەو مافەکانی کورد نەبووە، ئێستاش هەمان مەترسى لەبەردەم رێککەوتنى 10ـى ئازار هەیە و دەوترێت دواى بەهێزبوونى ئەحمەد شەرع و نەمانى بەربەستەکان، پشت لە رێککەوتنەکە دەکات.