"پێنج مانگە تێکدراوە"
چارەنووسی نۆژەنکردنەوەی دەروازەی دەربەندیخان نادیارە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
زیاتر لە پێنج مانگە، سایدێکی شەقامی دەروازەی قەزای دەربەندیخان لە بەردەم بەنزینخانەی چیا، بە مەبەستی چاککردنەوەی ھەڵکەندراوە و تا ئیستا چاک نەکراوەتەوە، ئەمەش ئاستەنگی بۆ شۆفێران دروستکردووە.
ئەو بەشە ھەڵکەندراوەی شەقامەکە درێژیەکەی نزیکەی 230 مەترە.
زریان سابیر، سەرۆکی شارەوانی دەربەندیخان بە 964ى وت،”ئەو شەقامە لەسەر بودجەی شارەوانی بڕی 100 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکرا بەمەبەستی نۆژەنکردنەوەی، دوای ھەڵکەندنی شەقامەکە قایمقام ئاگاداری کردینەوە کە چاککردنی ئەو شەقامە بەدەم پرۆژەی ڕێگای کەلار_دەربەندیخانە و کۆمپانیا نۆژەنی دەکاتەوە”.
“نزیکەی 15 ملیۆن دینارمان لە شەقامەکە خەرجکردبوو، بەڵام دواتر بۆئەوەی پارەکە ھەموی بەفیڕۆ نەچێت کارەکانمان راگرت، ئەو پارەیەشی کە مابوویەوە لە شەقامەکانی ناو شار خەرجی دەکەین”، زریان سابیر وای وت.
کۆمپانیای بێشکان لەگەڵ ڕێگای کەلار- دەربەندیخان، ھەردوو سایدی شەقامی دەروازەی دەربەندیخان تا نزیک بازاڕ سەرلەنوێ دروست دەکاتەوە، سەرۆکی شارەوانی وتی، “بەڵام دیار نییە کەی دەست بە کارکردن دەکەن “.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا