ئامادەکارییەکان بەردەوامن

فێستیڤاڵی شەوانی رەمەزانی هەولێر هەفتەی داهاتوو دەستپێدەكات

ئەرسەلان عەبدوڵا

بڕیارە هەفتەی داهاتوو بە شێوەیەکی فەرمی فێستیڤاڵی مانگی رەمەزانی پیرۆز بە رووی هاوڵاتیان و گەشتیاراندا بکرێتەوە، سەرۆكی شارەوانیی هەولێریش لە ئامادەكارییەكانی كۆڵییەوە.

سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ئەندازیار كارزان عەبدولهادی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6.3.2025 بە 964ی راگەیاند، هەفتەی داهاتوو فێستیڤاڵی شەوانی رەمەزان لە ناو بازاڕ و بەردەم پاركی شار دەكرێتەوە، كە تێیدا خواردنی کوردەواری، خواردنی بیانی، کاری دەستی و چالاکی هونەری و کارى دیکەى جۆراوجۆری تێدا پێشكەش دەكرێت.

وتیشی، شەوی رابردوو لەگەڵ ستافی رێكخەرانی فێستیڤاڵەكە شوێنی دانانی كۆشكەكانمان بەسەر كردەوە و لە دوایین ئامادەكارییەكانمان كۆڵییەوە، هەموو كارەكان بە باشی دەڕۆن و هەفتەی داهاتوو فێستیڤاڵەكە دەستپێدەكات.

سێشەممەی رابردوو بە شێوەی مەزایەدە 40 كۆشك لە لایەن شارەوانیی هەولێرەوە درایە كاسبكاران و ژمارەیەك خاوەن كار، بۆ ئەوەی بەشداریی فێستیڤاڵی شەوانی رەمەزانی هەولێر بكەن.

بە قسەی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، فێستیڤاڵەكە شەوانە دوای بەربانگ دەستپێدەكات و تا بەرەبەیان بەردەوام دەبێت، هەروەها تا كۆتایی مانگی رەمەزان بەردەوام دەبێت.

بڕیار بوو دوێنێ فێستیڤاڵەكە دەستپێبكات، بەڵام كاروبارەكان تەواو نەكرابوون، بۆیە هەفتەی داهاتوو دەستپێدەكات.