یەکێک لە کارە خێرخوازییەکانی ئیدارەی زاخۆ لە مانگی رەمەزاندا

خێزانێک 20 ساڵ بوو لە شوێنی حەوانەوەی مەڕ و ماڵات دەژیان؛ خانوویان پێدرا و دڵیان گەشایەوە

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

لە زاخۆ خانوویەک بەخشرایە خێزانێکی هەژار کە 20 ساڵە لە شوێنی حەوانەوەی مەڕ و ماڵات ژیانیان بەسەر دەبرد.

چوار ساڵە ئیدارەی زاخۆ لە 30 رۆژی مانگی رەمەزاندا، هەر رۆژە و یەکەیەکی نیشتەجێبوون دەبەخشێتە ئەو خێزانانەی هەژارن و کەمدەرامەتن، ئەمڕۆش خانوویەک درایە خێزانێک کە نزیکەی 20 ساڵە لە شوێنی حەوانەوەی ئاژەڵدا دەژیان.

ئەوان دوو برای بەتەمەنن و تەمەنیان زیاترە لە 50 ساڵ، یەکێکیان هاوسەرگیری کردووە و ئەوی دیکەیان هەر بە سەڵتی ماوەتەوە و بەناچاری لەگەڵ ئەو برایەی کە خێزاندارە، لە یەک شوێندا شەویان رۆژ دەکردەوە.

نەقیب، نازناوی یەکێک لەو دوو برایەیە، ئەو قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “بڵێم چی؟ ناتوانم هیچ بڵێم، ئەمە چ سوپرایزێک بوو!، سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە دەستیان هەبوو لەم کارە خێرەدا”.

جوتیار خدر سەرپەرشتیاری لیژنەی دابەشکردنی خانووەکان لە ئیدارەی زاخۆ بە 964ـی وت، “هەموو ئەو خێزانانەی یەکەی نێشتەجێبوونیان پێدەدرێت، باری ژیانیان لەم خێزانە باشتر نییە، سوپاسی ئەو سەرمایەدار و خێرخوازانە دەکەین کە هاوکارمانن و دەستیان هەیە لە کارە خێرخوازی و مرۆڤدۆستانەکاندا.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری