دیمەنێك لە فێستیڤاڵی پێشوو بەبۆنەی سەری ساڵ لە هەولێر
هۆكارەكەی چییە؟
فێستیڤاڵی شەوانی رەمەزانی هەولێر دواخرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
فێستیڤاڵی شەوانی رەمەزان، كە بڕیار بوو ئەمشەو بكرێتەوە، بۆ كاتێكی دیكە دواخرا، سەرۆكی شارەوانیی هەولێریش دەڵێت، خاوەن كۆشكەكان پێڕانەگەیشتوون.
بڕیار بوو ئەمشەو فێستیڤاڵی شەوانی رەمەزانی هەولێر بكرێتەوە، كە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر سەرپەرشتیی دەکات و ژمارەیەك كۆشك لە نزیك پاركی شار و نزیك قەڵا و ستەیجێك بۆ نمایشی هونەری دانراون و تێیدا ئاهەنگی شەوان و نمایشی خۆراك و كاری دەستی و شتی جۆراوجۆری تێدا دەكرێت.
سەرۆكی شارەوانیی هەولێر كارزان عەبدولهادی بە 964ی راگەیاند، ئەو كاسبكارانەی كۆشكەكانیان وەرگرتووە و كاری تێدا بكەن، بۆ ئەمڕۆ پێڕانەگەیشتن خۆیان ئامادە بكەن، بۆیە فێستیڤاڵەكەمان دواخست، بەڵام هەر لەو دوو سێ رۆژە دەكرێتەوە و كێشەیەكی ئەوتۆمان نییە”.
وتیشی، دوێنێ بە موزایەدە كۆشكەكانمان بە كاسبكاران دا، بۆیە كاتی پێویست بوو تا خۆیان ئامادە بكەن و خواردن و كەلوپەل و ئەو شتانەی لەوێدا دەیفرۆشن، ئامادەی بكەن.
سەرۆكی شارەوانیی هەولێر وتی، فێستیڤاڵەكە بۆ هاوڵاتیان و گەشتیارانە و بە ئامانجی سازكردنی كەشێكی خۆشە بۆ هاوڵاتیان لە شەوانی مانگی رەمەزاندا، كە رۆژانی جەژنیش بەردەوام دەبێت.
هەفتەی پێش سەری ساڵی 2025 فێستیڤاڵێكی هاوشێوە هەر لە هەولێر و لە دەوروبەری پارك شار ئەنجامدرا و ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان ئێواران و شەوان روویان تێدەكرد.