دیمەنى هێرشى کۆپتەرى سوپاى تورکیا بۆسەر گوندێکى پارێزگاى دهۆک
لە خاکى هەرێمدا
لەوکاتە ئۆجەلان دەستى ئاشتى درێژکردووە تورکیا 10 هێرشى ئەنجامداوە
964+
وریا فەتاح
حەوت رۆژ لەمەوبەر ئۆجەلان بانگەوازى پڕۆسەى ئاشتى بە گوێى پەکەکە و تورکیادادا، بەڵام لەو رۆژەوە تورکیا 10 جار هێرشى بۆسەر خاکى باشورى کوردستان، لە دژى پەکەکە ئەنجامداوە.
لە رۆژى 27.2.2025، ئۆجەلان لە پەیامێکدا کە بە پەیامى ئاشتى ناوزەندکرا، بە پەکەکەى وت، “چەک دابنێن و خۆتان هەڵبوەشێننەوە”، ئەم قسەیە دەرگاى بەڕووى پڕۆسەى ئاشتى لە تورکیا کردەوە، بەڵام لە دواى ئەم پەیامەوە تا ئەمڕۆ تورکیا 10 هێرشى ئەنجامداوە و لولەى تفەنگەکانى بێدەنگ نەکردووە.
ئێوارەى دوێنێ سێشەممە، لە کاتژمێر 7:25 خولەک، سوپاى تورکیا بە هەلیکۆپتەر هێرشى کردە سەر گەلى مێوین لە زنجیرە چیای مەتینا لە گوندی بەلاڤە لە دەڤەری نهێلێى قەزای ئامێدی و دواتریش بە فڕۆکەی جەنگی دوو جار بۆردوومانی زنجیرە چیایەکەیان کرد.
کامەران مەلا عوسمان، رێکخەرى تیمى کوردستانى رێکخراوى CPTـى ئەمەریکى بە 964ـى وت،”هێرشەکە بۆ ماوەی 12 خولەک بەردەوام بووە. هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی، بەڵام پاشماوەی فیشەکی تەقێندراو لە هەلیکۆپتەرەکانی تورکیاوە لە ناو ماڵەکانی گوندی بەلاڤە کەوتوونەتە خوارەوە و بوونەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ گوندنشینان”.
هەر لە رۆژى راگەیاندنى ئاگربەستەکەش لە 27ـى 2ـى 2025، سوپای تورکیا پێنج جار بۆردوومانی بەرزاییەکانی خواکوڕک و خنێرە لە قەزای سیدەکان لە پارێزگای هەولێر و چیای مەتینا لە گوندی کانی بەلاڤێ و گوهەرزێ و بناری چیای گارا لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کرد.
هاوکات سێ رۆژ دواتر، سوپای تورکیا بە هەلیکۆپتەر هێرشی کردە سەر چیای لینکی لە ناحیەی دێرەلووک لە قەزای ئامێدی و گەریلاکانی پارتی-کرێکارانی-کوردستانیش بە تەقەکردن وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە.
بەوتەى کامەران مەلا عوسمان، لە رۆژی راگەیاندنی بانگەوازی ئاشتی لەلایەن رێبەری زیندانیکراوی پارتی-کرێکارانی-کوردستانەوە تاوەکو ئێستا سوپای تورکیا 10 هێرشی بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. روونیشى کردەوەـ،دوو لە هێرشەکان لە پارێزگای هەولێر بوون و هەشت هێرشەکەی تریش لە پارێزگای دهۆک بوون.
رۆژى 27.2.2025، رێبەرى زیندانیکراوى پەکەکە، پەیامى ئاشتى راگەیاند و تێیدا داواى لە پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە)، کرد. چەک دابنێن و بە کۆنگرە خۆیان هەڵبوەشێننەوە.