دیمەنی ڤیدیۆ بۆ 964 نێردراوە
لە گوندێکی ئامێدی دەنگی بۆردومان دێت؛ دەڵێن تورکیایە
هیڤی دێوالی -دهۆک
ژمارەیەک هاوڵاتی لە گوندی بلاڤەی، دەڤەری ئامێدی دەڵێن، سوپای تورکیا زیاترە لە نیو کاتژمێرە، بە بەردەوامی دەورووبەری گوندەکەیان بۆردومان دەکات.
ژمارەیەکی زۆر فیشەک کەوتووەتە ناو ماڵەکانی گوندەکەوە.
ئەمشەو لە نزیک کاتژمێر 9:30 خوکەک، سوپای تورکیا بە هەلیکۆپتەر بۆردومانی دەرووبەری گوندی بلاڤە لەدەڤەری نهێلێ کردووە، ئێستاش دەنگی تەقە بەردەوامە.
چەند گرتە ڤیدیۆیەک لەلایەن هاوڵاتی گوندەکەوە بۆ 964 نێردراوە و زانیاری ئەوەیان گەیاندووە، دەنگێکی یەکجار بەهێز و زۆر دەبیسترێت و بە بەردەوامی هەلیکۆپەتەر لەسەر گوندەکەیان دەسورێنەوە و دەرووبەری گوندەکە بۆردومان دەکەن.
هەژار حوسێن یەکێک لەو هاوڵاتییانە ئەو وتی، چەند رۆژێکە سوپای تورکیا بۆردومانی دەروبەری گوندەکە دەکات و شەڕەتەقە نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە بەردەوامە.
شەوانە، ئەوان ناتوانن بچنە دەرەوە و ترس لە نێو گوندنشینەکاندا هەیە. بە قسەی ئەو هاوڵاتییە، لە ئەنجامی پێکدادانەکان چەند خانوویەک زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە، گوندی بلاڤە نزیکەی 40 ماڵ تێیدا دەژین، دەکەوێتە ناحیەی دێرەلووک لە سنووری قەزای ئامێدی.
لەوەتی بانگەواز بۆ ئاشتی کراوە، لەلایەن رێبەری زیندانیکراوی پەکە*کە و خواستی بەرپرس و سیاسەتوانانی تورکیا بۆ پڕۆسەکە، سوپای تورکیا 10 جار هێرشی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بە فڕۆکە ئەنجامداوە.
ئەم داتایە رێکخراوی CPTی ئەمریکی تۆماری کردووە، کامەران عوسمان بەرپرسی مافی مرۆڤە لەوێ و دەڵێت، دوو لە هێرشەکان لە پارێزگای هەولێر بوون و هەشت هێرشەکەی تریش لە پارێزگای دهۆک کراون.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا