چوار كۆمپانیا خۆراك بۆ سەگە بێلانەكان دابین دەكەن و خەڵات كران
هەولێر
خۆراک بۆ سەگە بێلانەكان دابین دەكەن و خەڵات كران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
چوار كۆمپانیای گۆشتگە (مەجزەرە) بەهۆی دابینکردنى خۆراک بۆ شەڵتەرى سەگى بێلانەى هەولێر، سوپاس و پێزانینیان لە لایەن پارێزگاری هەولێرەوە پێشكەش كرا.
ئەمڕۆ سێشەممە 4.3.2025 هەریەكە لە كۆمپانیاكانی ئەلمەیاس، هەولێر، بێگەرد، گۆشتى سوور، كە كاری گۆشت دەكەن، لە لایەن پارێزگاری هەولێر سوپاس و پێزانینی تایبەتیان پێشكەش كرا، بەخۆی ئەوەی هاوکارى و هەماهەنگیان لەگەڵ شەلتەرى سەگى بێلانەى هەولێر هەیە و خۆراک بۆ سەگى بێلانەى شەڵتەرەکان دابین دەكەن.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێكدا بۆ 964 راگەیاند، وەك پارێزگای هەولێر کاری ئەو كۆمپانیایانە بۆ دابینكردنی گۆشت و خۆراك بۆ شەڵتەری بەخێوكردنی سەگە بێلانەكان بەرز دەنرخێنین و كارێكی خێرخوازییە، بۆیە بە پێویستمان زانی سوپاس و پێزانینیان پێشكەش بكەین.
بەر لە ساڵێک و شەش مانگ بە بڕی 450 ملیۆن دینار لەسەر بودجەى پارێزگای هەولێر و لە سەر رووبەرى (20) دۆنم زەوی و بە دوورى 15 کیلۆمەتر لە ناوەندی شارى هەولێر، بە ئامانجى نەهێشتی دیاردەی سەگی بێلانە لە سەنتەرى شار و دەوروبەرى، کە ببوونە هۆى مەترسی زۆر بۆ سەر گیانی هاوڵاتیان، شەڵتەرێکی تایبەت بە سەگى بێلانە دروست كرا.
بەپێی زانیارییەكانی راگەیاندنی پارێزگای هەولێر، شەڵتەرەكە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە نموونەییە و زیاتر لە 14 هەزار سەگ لە شەڵتەرەكەدا کۆکراونەتەوە. كە دوو 2 هەزار سەگیان هی دەرەوەى شار بوون و رۆژانە حەوت تۆن خواردنیان پێدەدرێت، کە لەلایەن ئەو چوار كۆمپانیایەی گۆشتەوە دابین دەكرێت، كە سوپاس و پێزانیانیان پێشكەش كراوە.