دوای بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ
نووسینگەکانی فێرکردنی شۆفێری لەلێواری داخستندان
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
خاوەنی نووسینگەکانی فێرکردنی شۆفێری رەخنەیان لە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ زیادکردنی کاتژمێرکانی فێرکردنی شۆفێری بە پراکتیکی و تیۆری هەیە و دەڵێن، ئاوا بڕوات، ناچار دەبن نووسینگەکانیان دابخەن.
ئاکۆ محەمەد بەڕێوەبەری نووسینگەی فێرکردنی شۆفێری لە سلێمانی بە 964ـی وت، “وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریداوە بە زیادکردنی کاتژمێرەکانی پراکتیکی و تیۆری و بۆ هەر کاتژمێرێک شۆفێریکردنی فێرخواز، بڕی 20 هەزار دینار دیاریکراوە و دەبێت 12 کاتژمێر ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت، ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر بۆ هەر کاتژمێرێک و 10 خولەک، 26 هەزار دینار وەردەگیرا”.
باسی لەوەش کرد، لەسەر چەندین بابەتی دیکە سزای نووسینگەکان دەدرێت و هاوکاریان ناکرێت، وایلێهاتوە وردە وردە نووسینگەکان مۆڵەتەکانیان رادەست کەنەوە و دایدەخەن.
ناڕەزایی خاوەن نووسینگەکانی شۆفێری دوای ئەوە دێت، کە دوێنێ دووشەممە 3.3.2025، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەرێم خاڵەکانی سیستمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری بڵاوکردەوە و بەپێی یەکێک لە خاڵەکان، وانەکانی تیۆری بوونەتە (21) کاتژمێر و رۆژانە (3) کاتژمێر واتە بۆ ماوەی حەوت رۆژ وانەکانی تیۆری تەواو دەبن، هەروەها وانەکانی پراکتیکیش 12 کاتژمێرە و فێرخواز بە کرداری لەگەڵ راهێنەر شۆفێری دەکات، پاشان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ لە بەشی مۆڵەت شۆفێری، تاقیکردنەوەکانی تیۆری ئەنجام دەدات.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری