محەمەد جەواد زەریف _ وێنە: ئەلمۆنیتەر
یاریدەدەری سەرۆک بوو
باس لە دەستلەکارکێشانەوەی پیاوە هۆشیارەکەی ئێران دەکرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
محەمەد جەواد زەریف، کە لە کابینەی ئێستا پۆستی یاریدەدەری سەرۆک کۆماری ئێرانی لەلایە بۆ کاروباری ستراتیژی، وا باس دەکرێ دەستی لەکارکێشابێتەوە.
ئەم پیاوە لە ئێران وەک پیاوێکی هۆشیار ناو دەهێنرێ تایبەت لە گفتوگۆکانی وڵاتانی 5+1 کە رێگا خۆشکەری گفتوگۆ و رێکەوتنەکان بوو.
ئەگەر دەست لە کارکێشانەوەکەی ئەو راست بێت وەک ژمارەیەک میدیای ئێران باسی دەکەن، لە دوای گرژییەکانی ئەمڕۆی پەڕلەمانی ئێران دێت، کە باس لە دۆخی ئابوری وڵاتەکە کرا و و مەسعود پزیشکیان-ی سەرۆک کۆمار نەیتوانی، توڕەی پەڕلەمانتاران رابگرێ و بەهۆیەوە وەزیری دارایی رۆشتەوە بۆ ماڵەوە و پۆستەکەی لێ سەندرایەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 2.3.2025، دانیشتنی پەرلەمانی ئێران بۆ لێپێچینەوە لە ناسر هیممەتی، وەزیری ئابووری و دارایی وڵاتەکە بەڕێوەچوو و لە دانیشتنەکە سەرۆک کۆماری ئێران ئامادە بوو.
دوای ئەوەی مەسعود پزیشکیان، بەرگری لە وەزیری ئابووری و دارایی کرد، هیممەتیش بەرگریی لە کارەکانی خۆی کرد، پەرلەمانتارانیش تێبینییەکانی خۆیان لەسەر وەزیر خستەڕوو، پاشان وەرگرتنەوەی متمانە لە ناسر هیممەتی خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ متمانەی لێ وەرگیرایەوە.
ئەوەش بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری وڵاتەکە و بەتایبەتیش دابەزینی بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی.