نرخەکەى بۆ دوو هێندە بەرز بووەتەوە
لە سلێمانى جوچک گرانبووە
964+
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
دوای ئەوەی بەشێكی زۆری كێڵگە پەلەوەرییەكان، بەهۆی زەرەرو زیانەوە هۆڵەكانیان داخستبوو، ماوەی چەند رۆژێكە دەستیان بەكاركردن كردووەتەوە و ئەمەش بووەتەهۆی گرانبوونی نرخی جوچك. سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكانی سلێمانیش دەڵێت، “جگە لەوەی جوچك كەمەو دەستناكەوێت، نرخەكەشی بووەتە دوو ئەوەندە”.
نازم عەبدوڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی بە 964ـی وت،” ماوەی چەند رۆژێكە بەشێك لە خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكانی پارێزگای سلێمانی دەستیان بەكاركردن كردووەتەوە، بەڵام خاوەن هەڵهێنەرانی جوچك ئەو هەلەیان قۆستووەتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان و نرخی جوچكیان لەسەر خاوەن پڕۆژەكان گران كردووە”.
وەک باسى دەکات، نرخى جوچک بۆ دوو ئەوەندە بەرز بووەتەوە، بە جۆرێک لە 40 سەنتەوە بووە بە 83 سەنت.
روونیشى کردەوە، ئەگەر پێشتر هۆڵێكی پەلەوەر بە 20 هەزار دۆلار پڕبكرایە لە جوچك، ئێستا هەمان هۆڵ پێویستی بە 45 هەزار دۆلارە، ئەمەش بارگرانییەكی زۆری لەسەر خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان دروست كردووە و ئەگەر بەردەوام بێت نرخی مریشكیش بەرزدەبێتەوە.
“لەئێستادا لە %50ـى خاوەن پڕۆژەكان هەوڵی دەستخستنی جوچك دەدەن، بۆئەوەی بیكەنە ناو هۆڵەكانی پەلەوەرەوە، بەڵام دەستیان ناكەوێت” نازم عەبدوڵا وای وت.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی 950 پڕۆژەی پەلەوەری هەیە، لەناو ئەو پڕۆژانەش نزیكەی هەزار و 500 هۆڵی پەلەوەر هەن و بەرهەمی مریشكی ساڵانەشیان نزیكەی 250 هەزار تۆنە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح