لە ئاکرێ دوو ئامۆزا بەشەڕهاتن
لەگەڵ بەربانگ گەنجێک کوژرا و یەکێکى تریش بریندار بوو
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
ئێوارەى ئەمڕۆ لەگەڵ یەکەم بەربانگى رەمەزان، لە گوندى باکرمانى سنوورى قەزاى ئاکرێ، شەڕ روویدا و گەنجێک کوژرا و بریندارێکیش هەیە.
شەڕەکە لە نێوان دوو ئامۆزا روویداوە، یەکێکیان دەستبەجێ گیانى لەدەستدا و ئەوەى دیکەش بەسەختى بریندارە، بەڵام کوژرا و بریندار براى یەکترین.
نێچیرڤان فەخرەدین، وتەبێژی تەندروستی قەزای ئاکرێ بە 964ـی وت،”کەمێک لەمەبەر تەرمی گەنجێکی تەمەن 23ساڵان و بریندارێک گەیەنرانە فریاکەوتنی ئاکرێ، تەرمە کە شوێنەوارى چوار گولـلە بەسەر جەستەیەوە هەبوو و دواتر رەوانەى پزیشکى دادى دهۆککرا و توێکارى بۆ تەرمەکەى دەکرێت”.
وەک باسى دەکات، ئێوارە لەگەڵ بانگ، بەشەڕ هاتوون و ئەو کارەساتەیان دروستکردووە.
وتەبێژى تەندروستى ئاکرێ باسى لەوەشکرد، بریندارەکە تەمەنی 20 ساڵە و بەهۆی سەختی برینەکە کە گولـلە بەر چاوى کەوتووە رەوانەی نەخۆشخانەیەکى هەولێر کراوە، ئەو کەسەشى گیانى لەدەستداوە، تەمەنى 23 ساڵە و براى یەکترین، لایەنى بەرامبەریش ئامۆزایان بووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح