لە هەولێر کۆگای هەبووە
84 هەزار لیتر رۆنی سوورەوەکراوە دەستی بەسەرداگیرا کە دەویسترا لە بازاڕ ساغ بکرێتەوە
964+
شۆڕش قادری
لە هەولێر کەسێکی بەڕەچەڵەک عەرەب 84 هەزار لیتر رۆنی بەکارهاتووی لە چێشتخانەکان کۆ کردووتەوە و ویستوویەتی دووبارە لە بازاڕ ساغی بکاتەوە، ئاسایش پێیزانی و دەستگیری کرد.
موقەدەم ئەردەڵان وتەبێژی ئاسایشی هەولێر بە 964ـی وت، “لە لایەن تیمەکانمانەوە دەستگیرا بەسەر کۆگایەکدا کە بڕی 84 هەزار لیتر رۆنی بەکارهاتووی خۆراکی تێدا هەڵگیرابوو”.
“خاوەن کۆگاکە رۆژانە هەڵساوە بە کۆکردنەوەی رۆنی خۆراکی بەکارهاتووی خواردنگەکانی شاری هەولێر و لەو شوێنە بەشێوەیەکی ناتەندروست و دوور لە رێنماییەکان کۆگای کردووە بۆ ئەوەی بیخاتە بازاڕەوە و جارێکی تر بەکاربهێنرێتەوە”، موقەدەم ئەردەڵان وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر ئەم بابەتە بەهەماهەنگی لەگەڵ قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر و بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، رێکاری یاسایی بەرامبەر خاوەنی کۆگاکە گیراوەتەبەر و کۆگاکەشیان داخستووە.
وتەبێژی ئاسایشی هەولێر راشیگەیاند، ئەو کەسە بەڕەچەڵەک عەرەبە و خەڵکی شارەکانی خوارووی عێراقە، کۆگاکەشی هیچ مۆڵەت و رەزامەندی کارکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی نەبووە.