"بەفر و سەرما بێ خۆراکی کردوون"
لە پێنجوێن پۆلیسی دارستان و رێکخراوێکی ژینگەیی خۆراکیان بۆ باڵندەکان دابینکرد
964+
کامیار کەمال- پێنجوێن
لە پێنجوێن بەفرێکی باش باریوە و کەشەکەی ساردە، باڵندەکانیش بەئاسانی خۆراکیان دەستناکەوێت بۆیە رێکخراوی ژینگەپارێزی ملەکەوە و پۆلیسی دارستان لە چەند شوێنێکی جیاواز گەنم و دانەوێڵەیان بۆ رۆدەکەن.
وریا عەلی ئەندامی رێکخراوی ژینگەپارێزی ملەکەوە بە 964ـی وت، دەیانەوێ بەم چالاکییە ئەو پەیامە بدەن بە هاوڵاتیان و راوچییەکان، کە لەبری راوکردن، بیر لە پاراستنی باڵندەکان بکەنەوە.
داوایشی لە هاوڵاتیان کرد، لەم سەرما و سۆڵەیەدا لە خەمی ژینگە و باڵندە کێوییەکاندا بن.
لایخۆشییەوە سەردار ئەحمەد بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی پێنجوێن، بە 964ـى راگەیاند
سەردار ئەحمەد وتی، چالاکییەکانیان بۆ پاراستنی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان بەردەوام دەبێت و راوچییەکانیش رووبەڕووی دادگا دەکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد لەم کاتەدا کە بەفرێکی زۆر باریوە، باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان دێنە قەراغ جادەکان و ئەو شوێنانەی ئاوەدانی لێیە، راوچییەکانیش دەستیان لێناپارێزن و دەیانکوژن.
لەو شەپۆکە بەفر و بارانەی چەند رۆژێکە رووی لە ناوچەکانی کوردستان کردووە، زیاتر لە 20 سانتیم بەفر لە سەنتەری قەزای پێنجوێن باریوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری