سەرماوسۆڵە واى کردووە

هەر تۆنێکى غازى ماڵان 500 هەزار دینارى چووەتەسەر

964+

ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی

بەهۆى ئەو شەپۆلى سەرماوسۆڵەى رووى لە سلێمانى کردووە، وایکردووە هاوڵاتیان روولە کڕینى غازى ماڵان بکەن، فرۆشیارێکى غاز دەڵێت: هەر تۆنێک غاز 500 هەزار دیناری چووەتەسەر. بەڵام بەرپرسی لیژنەی دابەشكردنی غاز لە نەوت و كانزاكانی سلێمانی دەڵێت: خواست زۆر بووە، بەڵام لە غازى حکومى هیچ بەرزبوونەوەیەک رووینەداوە.

كامەران عەلی، فرۆشیارێكی غازی بازرگانییەو بە 964ـى وت،” لەسەرەتای هەفتەوە خواستێكی زۆر لەسەر غاز دروستبووە، ئەمەش هۆكارێكە بۆ بەرزبووونەوەى نرخەکەى “.

وەک باسى دەکات، لە كۆتایی هەفتەی رابردوو لیترێك غازیان بە 470 دینار دەفرۆشت، بەڵام ئەمڕۆ لیتری بە 630 دینارە، وەک دەڵێت: لەهەرتۆنێک غاز كە دەیكڕین 500 هەزار دینار بەرز بووەتەوە.

لەبارەی گرانبوونی نرخی غازەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 24.2.2025 عومەر عەبدوڵا بەرپرسی لیژنەی دابەشكردنی غاز لە نەوت و كانزاكانی سلێمانی بە 964ـی وت،”گرانبوونی نرخی غاز پەیوەندی بەو شەپۆلی سەرمایەوە هەیە، چونکە خواستی خەڵكی لەسەرە، بەڵام گرانبوونی نرخەكەی تەنیا لەنرخی بازرگانییەو خەڵكی دڵنیادەكەینەوە لەنرخی حكومی هیچ گۆڕانكارییەك رووینەداوە و وەكو پێشوو لیتری غازی حكومی بە 312 دینارە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە كارگەكان بوتڵێک غازی 12 كیلۆیی كە 24 لیتری تێدایە بە 7500 دینار دەدەن بەبریكارەكان و ئەوانیش بە 8500 بە هاوڵاتیانی دەفرۆشنەوە، هیچ بریكارێكیش ناتوانێت لەو نرخە زیاتر بەهاوڵاتی بفرۆشێت.

“لە كێڵگەی كۆڕمۆرەوە رۆژانە 115 تۆن غازمان بەدەست دەگات، راستە خواست زیادیكردووە، بەڵام هیچ قەیرانێکى غازمان نییە و بڕی پێویستی عەمباركراویشمان لەكارگەكانی سلێمانی هەیە” عومەر عەبدوڵا وای وت.

بەوتەى عومەر عەبدوڵا، لەسنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە 84 كارگە و لە ناو سەنتەری سلێمانیش 22 كارگەی غاز هەیە، رێژەی عەمباركراوی غازیش لەكارگەكانی سەنتەری سلێمانی 500 تۆنە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى كه‌مى غازى ماڵان له‌ رواندز د...

هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى كه‌مى غازى ماڵان له‌ رواندز ده‌درێت