دیمەنێك لە كۆبوونەوەكە
بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز
كاری خێرخوازی لە هەولێر رێكدەخرێتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لەگەڵ رێكخراوە خێرخوازییەكانی هەولێر كۆبوونەوەیان كردووە، بۆ ئەوەی كاروباری خێرخوازی و یارمەتیدانی هەژاران رێكبخرێتەوە، بە تایبەتی بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز.
ئومێد خۆشناو بە 964ی راگەیاند، بەبۆنەوەی هاتنەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆز، كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ نوێنەرانی رێكخراوە خێرخوازییەكانی هەولێر كرد، هەریەكە لە بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەری قەیرانەکانی پارێزگاش ئامادەبوون، تێیدا گفتوگۆ لە بارەی رێكخستنەوەی كاروبارەكان و داڕشتنی پلانێكی گونجاو كرا، بۆ دابەشكردن و گەیاندنی سەبەتەی خۆراك و پێداویستییەكانی دیكە بۆ هاوڵاتیانی كەمدەرامەت و هەژار لە سنووری پارێزگای هەولێر.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، ئەم رەمەزانەش وەك رەمەزانەكانی پێشوو، پلان وایە رێكخراوە خێرخوازییەكان پێداویستی و هاوكاری بگەیەننە كەسانی موستەحەق و كۆمەكیان بكەن بە خۆراك و پێداویستییەكانی دیكە.
“كۆبوونەوەكە رۆژی یەكشەممە لە دیوانی پارێزگا كرا، جەختمان لەوە كردەوە میكانیزمێكی گونجاو بۆ كاری خێرخوازی لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵ بێتەئاراوە و كۆمەك و هاوكاری بەسەر خێزان هەژار و ئەوانەی پێویستیان هەیە، بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و رێكوپێك دابەش بكرێت”، پارێزگاری هەولێر وای وت.