یەکێک لە رێگەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وێنە: 964
ئیدارەی سۆران بۆ هاوڵاتیان
رێگەی ناوچەکانی حاجی ئۆمەران، سیدەکان، مێرگەسۆر و وەرتێ بەکارمەهێنن
964+
ژێوار خدر
ئەگەر کارێکی زۆر پێویستت نەبوو، بەشێك لە رێگەکانی چەند ناوچەیەکی ئیدارەی سۆراندا مەکە، چونکە بەفر و کڕێوە گرفتی هاتوچۆی دروستکردووە و ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش هۆشداری داوەتە هاوڵاتییان پابەندنی رێنماییەکان بن و رێگەکان بەکارنەهێنن.
هەژار حەکیم، لێپرسراوی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە 964ـی وت، بەهۆی بارینی بەفرەوە بەشێک لە رێگەکان بەستوویەتی، بۆیە ئاگاداری هاوڵاتیان و شوفێران دەکەینەوە، کە رێگەکانی حاجی ئۆمەران، سیدەکان، مێرگەسۆر و وەرتێ مەترسیدارن و ئەگەر بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت هاتوچۆی پێدا نەکەن.
وتیشی، تیمەکانی بەفر راماڵێنی بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی سۆران لەسەر خەتن، بەڵام بەشێک لەو رێگەیانە تووشی بەستەڵەک بوونە و بۆیە هاتوچۆیان پێدانەکرێ باشترە.
ئاماژەی بەوەش دا، لە ماوەی 24 کاتژمیری رابردوودا تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران، چەند هاوڵاتییەکیان رزگار کردووە، کە بەهۆی بەفربارینەوە گیریان خواردبوو، بەڵام هیچ رووداوێکی هاتوچۆ رووینەداوە بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنوورەکەیاندا.
ماوەی دوو رۆژە شەپۆلێکی بەفربارین و سەرما زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، هەرچەندە ئەمڕۆ چلەی زستان تەواو دەبێت، بەڵام بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی چەند رۆژێکە رووی لە ناوچەکانی کوردستان کردووە، لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا وشکەسەرما زیاتر دەبێت و لە زۆربەی ناوچەکان شەختە و بەستەڵەک دروست دەبێت.