18 سانتیمەتر بەفر باریوە
لە پێنجوێن تیمەکانی رێگاوبان ئامادەکاری تەواویان بۆ بەفر کردووە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
لە شەو و رۆژی رابردوودا 18 سانتیم بەفر لە پێنجوێن باریوە، لەگەڵ بەفربارین لەو دەڤەرە چاوەکان دەچنە سەر رێگای ملەکەوە، چونکە دەروازەی هاتنە ناوەوە و چوونە دەرەوەی شارە و بەهۆی بەرزی رێگاکەش، یەکەم جێگایە ئاستەنگی هاتوچۆی لێ دروست دەبێت، بەڵام ئەمجارە تیمەکانی رێگاوبان ئامادەکاری تەواویان کردووە و تائێستا گرفتێکی ئەوتۆ دروست نەبووە.
ئەمیر سۆفی جەمال بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، “چەند تیمێک لە سلێمانییەوە گەیشتوون و لە کاتژمێر 5ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە سەرقاڵی راماڵینی رێگاکەن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم رێگا سەرەکییەکانیان لە بەفر پاککردووەتەوە و بەردەوام ئامێرەکانیان لە کاردا بوون، بەڵام چەند بارهەڵگرێک بەهۆی سەختی رێگای ملەکەوە توشی گرفتی کاتیی بوون و تیمەکان دەربازیان کردوون.
سەبارەت بە رێگاکانی دەروازەی نێودوەڵەتی باشماخ و مەرزی سەیرانبەن، ئەمیر سۆفی جەمال وتی، تا ئێستا رێگاکان کێشەیەکی ئەتۆیان نییە و هاتوچۆی بازرگانی و گەشتیاری نەوەستاوە، دوو ئامێریشیان ناردووە بۆ ئەوەی رێگای مەرزی سەیرانبەن بە تەواوی رابماڵن و خوێ رێژی بکەن بۆ ئەوەی بەفر نەیگرێت.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری