سەدا 54ی رێکخراوەکان لە هەولێرن

+964

فەهمی نەبی

بەگوێرەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی، لە هەرێمی کوردستان چوار هەزار و 734 رێکخراو تۆمارکراون، کە سەدا 54یان لە هەولێرن.

هەروەها فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکان رایگەیاندووە، کە داوای هەڵوەشاندنەوەی چوار رێکخراویان کردووە و دۆسییەی 14ی دیکەیان رەوانەی دەستەی دەستپاکیی کردووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم داتای ژمارەی رێکخراوەکانی بڵاوکردوەتەوە، بەپێی داتاکان بێت سێ هەزار و 967 رێکخراویان کوردی و 587 رێکخراویان بیانی و عێراقی لەو فەرمانگەیە تۆمارکراون.

بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوان بێت، کە وەزارەتی پلاندانان لە ساڵی 2021 بڵاویکردوەتەوە، ژمارەی هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن و 171 هەزار و 83 کەسە، بەم پێییە بێت هەر 103 هەزار کەسێک لە هەرێم رێکخراوێکیان بەردەکەوێت.

ئەو رێکخراوانە سەدا 54ی لە سنوری هەولێر و سەدا 26ی لە سنوری سلێمانی و سەدا 12ی لە دهۆک و سەدا 2ی لە هەڵەبجە و سەدا 5ی لە کەرکوکە و سەدا 1یش لە کۆی ناوچە جێناکۆکەکانە.

لە ئامارەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەت هاتووە، ئەوان داوای یاساییان لەسەر چوار رێکخراو تۆمار کردووە، چواردە رێکخراویش دۆسیەکەیان لە دەستەی دەستپاکییە.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەو رێکخراوانە بارزان ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان، بە تۆڕی 964ی وت “لەو چوار رێکخراوەی داومانەتە دادگا یەکێکیان شێوازی کارکردنی خۆی گۆڕیوە و کار لەسەر کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە دەکات، داوامان کردوە مۆڵەتەکانیان هەڵبوەشێتەوە”.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەو رێکخراوانەی لە دەستەی دەستپاکییە، بارزان دەڵێت، “ئەو رێکخراوانە نەیانتوانییوە ئەستۆپاکی دارایی بکەن، بۆیە دەستەی دەستپاکی مەلەفی بۆ کردونەتەوە و کارەکانیان راگیراوە، تا لە دادگا یەکلایی دەبێتەوە”.

فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2011 دامەزراوە و بارەگای سەرەکی لەسەر شەقامی کەرکوکە لە شاری هەولێر.