سلێمانی
شارەوانی رێگای شاخی گۆیژە پاکدەکاتەوە و داوا دەكەن هاوڵاتیانیش نەیەن بۆ ناو بەفر
+964
دیلان محەمەد جەزا
بەهۆی بەفربارینەوە رێگای شاخەکانی گۆیژە و ئەزمەڕ داخراوە و ئامێرەکانی شارەوانی سەرقاڵی پاکردنەوەی رێگاکەن، داواش دەکرێت هاوڵاتیان ئەو رێگایە بەکارنەهێنن.
توانا بەهادین لێپرسراوی بەشی ئامێرەکانی شارەوانی بە 964 وت، بەهۆی ئەو بەفرەی باریوە رێگای دۆڵەمیران و سەرکەوتن بۆ شاخی ئەزمەڕ و گۆیژە پاکدەکەنەوە.
باسی لەوەش کرد، لە بەشی سەرەوەی شاخی گۆیژە بەستوویەتی و دەیانەوێت رێگاکە بکەنەوە، لەبەر ئەوەی چەند کارمەندێک رێگایان لێگیراوە کە دەوامیان هەیە.
داواشی کرد هاوڵاتیان نەیەنە ئەو رێگایە و نەچن بۆ ئەزمەڕ و گۆیژە، چونکە تووشی بەڵا دەبن و ئاستەنگیان بۆ دروست دەبێت.
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممەوە بەفرێكی چڕ لە سلێمانی و شاخەكانی دەوروبەری دەبارێت و كەشێكی سارد روو لە ناوچەكە كردووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا