رەوشی سەقا

كەشناسیی سلێمانی: سبەی بەفر دەگاتە سەنتەری هەولێر و كەركوك

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەشی پێشبینییەكانی كەشوهەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ بە گشتی ئاسمانی كوردستان هەور دەبێت، بەفربارینیش لە هەندێك ناوچە بەردەوام دەبێت، كەشناسیی سلێمانییش دەڵێت سبەیش بەفر دەگاتە هەولێر و كەركوك بەردەوام دەبێت.

كەشناسیی هەرێم بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ شەممە 22.2.2025 ئاسمان بە گشتی هەور دەبێت و لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی هەرێم نمەباران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی دەبارێت، هەروەها لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان بەفربارین دەبێت.

هەروەها ئاماژەیان بەوە كردووە، پلەکانی گەرما نزیكەی 1 – 2 پلە نزمتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.

لە لایەكی دیكەوە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی بڵاویكردەوە، سبەی یەكشەممە ئاسمان هەورى تەواو دەبێت ، لەگەل بارینی بەفر لە زۆربەى ناوچە بەرزەکانى رۆژهەڵات و باکوورى رۆژهەڵاتى هەرێم بە شێوەى پچڕ پچڕ.
هەروەها دەڵێن، بەفربارین سەنتەرى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە دەگرێتەوە ، لەگەڵ بارینى بەفرێکى کەم لە سەنتەرى پارێزگاكانى هەولێرو کەرکوک .
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ ئەمڕۆ شەممە :

هەولێر: 8 پلە

سلێمانی: 6 پلە

دهۆک: 7 پلە

کەرکوک:  10 پلە

زاخۆ: 7 پلە

هەڵەبجە: 6 پلە

حاجی ئۆمەران:  -4 پلە

سۆران: 2 پلە

گەرمیان: 12 پلە.