ئێوە لەکام بەرەدان؟

لە گەرمیان بایکۆت مامۆستایان و قوتابیانی کردووە بە دوو بەشەوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، بایکۆت مامۆستایان و قوتابیانی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کردووە، بەشێکیان لە گەڵ بەردەوامیدانن بە بایکۆت و بەشێکی دیکەش لەگەڵ گۆڕینی شێوازی ناڕەزایەتیەکانن و پێیانوایە بایکۆت سوودی نەبووە.

سیروان سلێمان، مامۆستایە لە ناحیەی رزگاری، ئەو بە 964ـی وت،”مامۆستا ھەقی خۆیەتی داوای مافەکانی بکات و بایکۆت بکات، بەڵام ھەست دەکەین خەریکە قەیرانی پەروەردە دروست دەبێت و پێویستە شێوازی ناڕەزایەتییەکان بگۆڕدرێت”.

“منداڵەکەم قوتابی پۆلی نۆی بنەڕەتییە، بەھۆی بایکۆتەوە لەماڵەوە وانەکانی دەخوێنێت، بێزار بووە و دەڵێت، کەی رزگارم دەبێت لەم چوار دیوارییە و دەگەڕێمەوە قوتابخانە”، سیروان سلێمان وای وت.

بە پێچەوانەوە، دڵشاد ساڵەح، مامۆستایەکی دیکەیە لە کەلار کە بایکۆتی پێ باشترە و پێیوایە، بایکۆت باشترین بژاردەیە و ساڵێکی خوێندن بفەوتێت لەوە باشترە قوتابی چەندین ساڵی بفەوتێت، ئەو دەڵێت، “دەمانەوێت جیلێک دروست بێت کە ھەست بە بەرپرسیارێتی بکات و ناڕەزایەتی ھەبێت بەرامبەر مافەکانی”.

رێڤین قارەمان قوتابییە و بە 964ـی وت،”بایکۆت کاریگەری تەواوی کردووەتە سەر ئاستی زانستیمان، ئێمەش حەزدەکەین مامۆستایان بگەڕێنەوە بۆ دەوام،  بەڵام نەک بەو شێوەیە و مافەکانیان پێنەدرێت”.

ئەسما سەڵاحـیش کە قوتابی پۆلی 11ی ئامادەییە، دەڵێت، “نامانەوێ لەداھاتوو پێمان بڵێن ئێوە جیلی بایکۆتن و شانازی بە بڕوانامەکانتانەوە مەکەن، بایکۆت زۆر زیانی بە ئاستی زانستیمان گەیاندووە،بەڵام دەمانەوێت لەگەڵ مافەکانی ئێمە، مافی مامۆستایانیش بدرێت”.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

بازنەى بایکۆت لە سنوورى سلێمانى و گەرمیان فراوانتر دەب...

بازنەى بایکۆت لە سنوورى سلێمانى و گەرمیان فراوانتر دەبێت

لە گەرمیان بایکۆت گەیشتە قوتابخانەکانیش

لە گەرمیان بایکۆت گەیشتە قوتابخانەکانیش