چەند پێشمەرگەیەک و ژمارەیەک هاوڵاتی لەناو بەفر رزگار کران - وێنە: بەرگری شارستانی سۆران
لە سنووری سۆران
چەند پێشمەرگەیەک و ژمارەیەک هاوڵاتی لەناو بەفر رزگار کران
964+
شۆڕش قادری
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران، جگە لە رووبەڕووبوونەوەی ئاگر و ئاگرکوژاندنەوە بۆ ناو بەفریش لێهاتوون و ئەمڕۆ ژمارەیەک هاوڵاتی و چەند پێشمەرگەیەکیان لەناو بەفر رزگار کرد.
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ هەینی 21.2.2025 لە سنووری ناحیەی شێروان مەزن ژمارەیەک پێشمەرگە بە ئۆتۆمبێلەکەیانەوە لەناو بەفر گیریان خواردبوو، دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمێکی بەرگریی شارستانیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زێت، چوونەتە شوێنەکە و توانیویانە پێشمەرگەکان و ئۆتۆمبێلەکەیان رزگار بکەن”.
“لە بەرزاییەکانی پرژێـش، بە سەرپەرشتی خۆم نزیکەی 12 ئۆتۆمبێل بە عایلەوە هێنرانە خوارەوە و رزگار کران”، کاروان میراودەلی وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر ئەمڕۆ لە سنووری قەزای چۆمان و لە رێگای رۆستێ چەند ئۆتۆمبێلێک لەناو بەفر گیریان خواردووە، تیمێکی بەرگریی شارستانیی سمیلان چوونەتە شوێنەکە و ئۆتۆمبێلەکان و سەرجەم سەرنشینەکانیان بەبێ هیچ زیانێک رزگار کردووە.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران لەڕێی 964ـەوە داوای لە هاوڵاتیان کرد، ئەم چەند رۆژە تا بۆیان دەکرێت خۆیان لەو رێگایانە نەدەن و لە کاتژمێر 5ـی ئێوارە بەدواوە، نەچنە ناو بەفر و لە ناوچە بەرزەکان بێنە خوارەوە، بۆ ئەوەی تووشی گیرخواردن و رووداوی نەخوازراو نەبن.