لە گەرمیان
ئەو منداڵەی دوێنێ لە خنكان رزگار كرا ئەمڕۆ مردن زەفەری پێبرد
964+
میلاد جەلال
ئەو منداڵەی دوێنێ لە ناحیەی كوڵەجۆ كەوتە گۆمێكی ئاو و لە مردن رزگار كرا و دوو دوو سەعات دڵی دەستی بە كار كردەوە، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەیەكی سلێمانی گیانی لەدەست دا.
خالید حەسەن فەرەج، ئامۆزای منداڵەکە بە 964ى وت،” دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی منداڵان لە شاری سلێمانی بەھۆی ناجێگیریی دۆخی تەندروستیەوە منداڵەکە گیانی لەدەست دا”.
ئاماژەی بەوەشکرد،”دوێنێ کە بردمانە سلێمانی پزیشکەکان پێیان وتین سەری ئاوی تێچووە، مانەوەی لە ژیان قورسە”.
منداڵێکی تەمەن دوو ساڵان بە ناوی (ع.م)، لە ناحیەی کوڵەجۆ دوێنێ چوارشەممە کەوتە گۆمێک ئاوەوە لە نزیک ماڵی خۆیان، بە وتەی ئامۆزاکەی ھەر ئەوکات گیانی لەدەست دابوو، بەڵام کە ھێنایانە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەھید ھەژار دوای دوو کاتژمێر لێدانی دڵی گەڕایەوە، دواتر رەوانەی سلێمانیان کرد و ئەمڕۆ دووپاتکرایەوە گیانی سپاردووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا